سەرەکی / سەنگەسەر

سەنگەسەر

ناحیەى سەنگەسەر کە لە بواری فەرمیدا ناودەبرێت بە ناحیەی ناودەشت، یەکێکە ‌لەناحیە ‌هەرە کۆنەکانى کوردستان و سەر بە قەزاى پشدەر لە ئیدارەى راپەڕین، لەڕووى هەڵکەوتەى جوگرافیەوە کەوتۆتە ‌بەشى باکوورى خۆرئاواى پارێزگاى سلێمانى، لە باکوری خۆرهەڵاتیەوە ‌زنجیرە ‌چیاى قەندیل وەکو سنورێکى سروشتى نێوان ( عێراق و ئێران ) لێکجیا دەکاتەوە، لەبەشى باشورى زێى بچوک دەورى داوەو لەبەشى خۆرئاواشیەوە ‌زنجیرە ‌چیاى کێوەڕەشە ‌کە ‌سنورى پشدەر لەقەزاى ڕانیە ‌جیادەکاتەوە، ئەم ناحیەیە ‌لەکۆندا لە(٩٦) گوندى دەوروبەرى پێکهاتبوو، بەڵام ساڵى 2000 کە ناحیەى ژاراوە دروست بوو (٣٣ ) گوندی خرایە ‌سەر ناحیەى ژاراوە، مێژووى بە ناحیە بوونى ناودەشت دەگەڕێتەوە ‌بۆ ساڵى ١٩٢٦ و لەساڵى ١٩٢٨ دا بەناوى ناحیەى ناودەشت یەکەم بەڕێوەبەرى ناحیە ‌بە فەرمى دەست بەکاربووە کەبەڕێوەبەرى ناحیەکە ‌یەکێک بووە ‌لەبەگزادەکان، ئەم ناحیەیە ‌تا ساڵى١٩٧٠ سەر بە قەزاى ڕانیە و ئەویش سەر بەلیواى هەولێر بووە ناحیەى ناودەشت کە مەرکەزى ناحیەى سەنگەسەر و گوند و دێهاتەکانى بنارى قەندیل و بنارى گەلاڵە و دەوروبەرى دەگرێتەوە، ناوەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گوندانەى لەو دەشتاییەى بنارى چیاى قەندیل هەڵکەوتوون پێیانووتون ‌ناودەشت دەربارەى ناوى سەنگەسەریش لەوەوە ‌هاتووە کە لەسەروو بەرزایى سەنگەسەرى کۆن کە ئێستا شوێنەوارو پاشماوەى ماوە کۆمەڵێک بەردى خڕ و گەورە و بەسەنگى لێبووە، وەک سەر وابووە و پێیانوتوە (سەنگى سەر)، دواتر لەئەنجامى بەکارهێنانى ئەم ناوە گۆڕاوە بۆ سەنگەسەر . وە لەدواى ساڵى١٩٥٨ لەئەنجامى دروست کردنى بەربەستى ئاوى دوکان کە بووەتە هۆى ژێر ئاو کەوتنى کۆمەڵێک گوندى سنوورەکەو گواستنەوەى ئەو گوند و تیرەو عەشیرەتانە ‌بۆ دەشتایى (دوانزەبانوو) کەسەنگەسەرى ئێستایە لەلایەن حکومەتى عبدالکریم قاسمى ئەو کاتەى عێراق و جێبەجێکردنى پڕۆژەى ئاودێرى سەنگەسەر بۆ بەراو کردنى دەشتایى دوانزەبانوو، گواستنەوەى سەنگەسەرى کۆن و تیرەو عەشیرەتەکانى ( مەنگوور ، ئاکۆ ، مەرگەیى ، میرزاڕۆستمى ، شیلانەیى ، کۆمەڵەیى ، سندۆڵەیى ، هتد ) بۆ سەنگەسەرى تازە ‌ئەوەش بووە هۆى فراوان بوونى پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان و تێکەلاوبوونى پێکهاتە جیاجیاکانى کۆمەڵ و دامەزراندنى بنچینەیەکى تازەى پێکەوە ژیانى کۆمەلایەتى لەسنورەکەدا. سەنگەسەر لەساڵى ١٩٥٧ دا لەلایەن بەڵێندەرێکى بەریتانى بەناوى (میستەر دۆم ) ٢١٢ خانوو بۆ سەنگەسەر دەرچوو،بەڵام تەواوى نەکردن و بەنیوەچڵى بەجێی هێشتن، دواتر لەلایەن ( ٣ ) بەڵێندەرى کوردەوە بەناوەکانى ( محەمەد سەعید ، حاجى عەبدوڵلا ناسراو بەعەبەى دەلاک ، شەفیق ئەحمەد ) دواتر ( ٣٠ ) خانووى تر بۆ کۆمەڵەییەکان دروست کرا و خەڵکى سەنگەسەریش لەڕێگاى ( ٥ ) حەوزى کۆنکریتى بۆ ئاو خەزن کردن کەسەرچاوەکەى لەشەهیدانەوە ‌هاتبوو خەڵکەکە ‌ئاوەکەى بەکاردێنێ و دروستکردنى جۆگایەکى کۆنکریت بەدرێژایى ( ١٢ ) کم کە لەلایەن ئەندازیارێکى کوردەوە سەرپەرشتى دەکرا بەناوى ( ێالح بەگ) دروستکرا.
سە نگەسەر-ناودەشت
مێژووى دروست بوون و بنیادى سەنگەسەر: دەگەرێتەوە بۆ پ.ز. بە تایبەتى سەردەمى پێش ئاشووریەکان کە حوکمیان کردووە بەناوچەکەدا هاتوون بۆ ڕووبەڕووبونەوەى مادەکان ،واتا سالى( 885-824) پ.ز. نزیکەى (8) ساڵ پێش زاین بەم پێیەش مێژووى دروست بوونى سەنگەسەر دەگەڕێتەوە پێش ئەم ساڵە واتە پێش ئاشوورییەکان،لەگەڵ ئەوەشدا بەڕوونى نازانرێ لەچ ساڵێکدا بنیات نراوە .

ناوى سەنگەسەر
ناوى سەنگەسەر لەدوو بیر و بۆچوونى تاڕادەیەک لێکنزیک و یەکانگیردا بەرجەستە دەبێت، کە دەلێن: سەنگەسەر لەواتاى (سەنگ ) یان (بەرد)، یاخوود (چیا-شاخ) ەوە هاتووە، سەر بەواتاى (بەرزى یاخوود سەروو) دێت ،تێکڕاى وشەکەش بەماناى بەردى (سەروو) یاخوود (سەرووى چیا) دێت.
بۆچوونێکى دیکە لەمەڕ ناوى سەنگەسەر ئەوەیە کە سەنگەسەرى کۆن کۆمەلێک بەردى خڕو گەورەن لەشێوەى سەنگى سەردابوون پێیان گوتووە (سەنگى سەر) دواتر لە ئەنجامى زۆربەکارهێنانى وشەکە لەلایەن خەلکیەوە بوە بەسەنگەسەر

لەروى ئیدارییەوە
سەنگەسەر ناحیەیە و سەر بەقەزاى پشدەرە و کۆنترین ناحیەیە لەم قەزایە، کەلەسالى(1926) بووە بە ناحیە و سەر بەپارێزگاى سلێمانیە.

شوێن وجوگرافیاى سەنگەسەر
سەنگەسەر دەکەۆێتە نێو سنوورى (حەوزى پشدەر)ەوە، سنوورى کارگێڕیى ناحیەکە لە ڕۆژهەڵات و باکوورەوە بەشێک لە کوردستانى سەر بە ئێران ، لەڕۆژئاوادا قەزاى ڕانیەیە،لەباشوو زێى بچووک و دەریاچەى دووکانە .
ناوچەکە بەشوێنێکى شاخاوى دادەنرێت،کە دەکەوێتە نێوان هەر دوو هێڵى (36_39)ى پانى باکوور (36_34)ى درێژى ڕۆژهەلات .
سەنگەسەر لەڕووى سنوورى جوگرافیەوە بەچەند دیاردەیەکى سروشتى دیارى دەکرێت،لەڕۆژهەلاتەوە ( ڕووبارى ژاراوە) سنوریەتى، لەڕۆژئاوایەوە چیاى (کێوەڕەش)ە ،لەباشوریەوە چیاى (ئاسۆس)ە، لەباکوریەوە بەچیاکانى (قەندیل) و(زێڕنە کێو) و (پیرانە ڕەشە) دەورە دراوە. کە بەرزى چیاى قەندیل ( 3452م )،وە بە درێژایی ساڵ بەفر بەسەر لوتکەکەیەوە دەبینرێت.

سەنگەسەر لە نووسراوەکاندا
سەنگەسەر چ وەک ناوەکەى وە چ وەک مێژووەکەى لە زۆر لە سەرچاوەدا ناوى هاتووە بە تایبەت لە ڕووى دانیشتووان و هۆز و باروودۆخە سیاسیەکان لەوانە چەند نووسەرێکى ڕۆژاوایى هاتوونەتە ناوچەکە و باسیان کردووە ، وەک :

1- مارک سایکس : هۆزە کوردیەکان ( القبائل الکوردیە ).
2- ئەدمۆندس : کورد تورک عەرەب
3- کریس کۆچێرا : کورد لە سەدەى نۆزدەدا
4- مارتن ڤان بڕۆنەسەن : ئاغا و شێخ و دەوڵەت
5- هەژار : چێشتى مجێور
6- مەسعوود محەمەد : گەشتى ژیانم
7- گۆڤارى پشدەر
8- گۆڤارى ڕوانین
9- عەبدڵلا غور : جوگرافیاى هەریًَمى کوردستان
10- جمال بابان : اێول اسماْْ المدن والمواقع العراقیە
11- مۆفەق میراودەلى : راگواستنى پشدەر 1976 بۆ 1988
ئەمانەو چەندین سەرچاوەى تر کە باسى ناوچەکەیان کردووە .

ڕووبەروو دانیشتوان

[ناحیەى سەنگەسەر پێش ئەوەى ناحیەى ژاراوەى لەساڵى (2000)٠ لێ جیابێتەوە ڕووبەرەکەى ( ٧٨٦ ) کم٢، بەلام ئێستا کەم بۆتەوە بۆ (٦٠٨) کم٢ ، ژمارەى دانیشتوانى ساڵى / ١٩٨٩ ( ٧٠٠ ) ماڵ بوو، ئێستا زیاتر لە( ٤٣٨٠ ) ماڵە و بەگوێرەى سەر ژمێرى ساڵى ١٩٥٧ ( ٩٠٣١ ) کەس بووە، بەڵام ئەو ژمارەیە هەڵکشاوە بۆ ( ٢١٦٥٤ ) کەس لەساڵى / ٢٠٠٥ دا لەحاڵى حازر دانیشتوانەکەى ( ٢٧٠٠٠ ) کەسە،

14-5-1969سوتاندنى ناحیەى سەنگەسەر

14-5-1969سوتاندنى ناحیەى سەنگەسەرو دەوروبەرى لەلایەن رژێمى بەعس، سەنگەسەر هەمیشە لە شۆرشە یەک لە دوایەکەکانى گەلەکەمان رۆڵى خۆراگرى و بەرەنگاریان هەبووە، بەرامبەر پیلانە شوم و دژە مرۆڤایەتیەکانى کە بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجامدراوە، کە دەکرێت وەک بەڵگەیەک بۆ مێژووى خەڵکى سنورەکە ئەژمار بکرێت.خەڵکى سەنگەسەر هەر لە سەرەتایى شۆرشى ئەیلوڵەوە چەکى تێکۆشانیان بۆ بەرگرى لە ناسنامەى کوردو کوردستان هەڵگرتووە، هەروەها ژنان و پیاوانى ناوچەکە هاوکارو پیشتیوانى شۆرش دەبون هەر کاتێک بەعس هێرشى کردبا سەر سنورەکە، لە هاوینى ساڵى (1965) لە هێرشێکى درندانەى فرۆکەکانى دوژمن بۆ سەر شارۆچکەى سەنگەسەر کە بۆمبى ناپاڵمى قەدەغەکراوى تێدا بەکارهێنا لە ئەنجامدا چەندین خانوو دوکانى هاوڵاتیان خاپور بوون، زەرەرو زیانێکى زۆرى ماددى بەر هاولاتیان کەوت کە ئافرتێک و پێشمەرگەیەک شەهید بوون، دوژمن بەوە نەوەستا لە پایزى ساڵى (1965) جارێکى تر هێرشێکى بەربڵاوى پیادەى بۆ دەڤەرى پشدەرو نارد کە لە درەندەترین سوپاى رژێم بوو کە بریتى بوو لە( لیواى 20) و (لیواى 4) لەگەڵ هێزێکى زۆر لە جاش عەرەبەکان کە سەرۆکەکەیان ناوى (شێخ حەنەش) بوو، کە ئەم جاشە فرمانى کوشتن و سوتاندن و تالانکردنى سنورەکەیان پێدرابوو بە شێوەیەکى زۆر وەحشیانە ئازارى خەڵک و تالانکردنى گوندەکان و توتنەوانەکانیان دەدا، ئەم هێرشانە شارى قەڵادزێشی گرتەوە و بەشێک لەو سوپایە پاشەکشەى پێکرا،بەڵام (لیواى 20) جێگیر کرا ئامر لیواکە ناوى (غانم مێباح) بوو بە پیرە ناسرابوو، لە (29- حوزەیرانى ساڵى 1966) کە لە نێوان رژێم و شۆرش رێکەوتن نامەیەکى ئاگر بەست واژۆکرا بۆ ماوەیەک ئارامى باڵى کێشابوو بە سەر ناوچەکە، بەڵام دوژمن ئەو ئاگربەستەى بۆ قایم کردنى پێگەکانى خۆى بە کارهێنا، بەڵام شۆرش زوو ئەو پیلانەى بۆ ئاشکرابوو بۆیە بۆ بەرپەرچدانەوەى دوژمن پیلانێکى تۆکمەو بەهێز دانرا بۆ لێدانى ئەو هێزانەى هێنرابوونە دەڤەرەکە شەر لە نێوان هەردوولا دەستى پێکرد پێشمەرگە توانى رێگاى نێوان سەنگەسەر و قەڵادزێ کۆنترۆڵ بکەن، زیانێکى زۆر بە دوژمن بگەێنن و (7) ئۆتۆمبیلى دوژمن کەوتە دەست هێزى پێشمەرگە، لەو شەرەدا پێشمەرگەیەک بەناوى (فەتاح على بالۆ) و ئافرەتێکیش بەناوى (فات حمدامین) شەهید بوون، دوژمن ئەو شکستەى لە بیر نەکرد کەوتە پیلان گێران بۆ تۆڵە ساندنەوەى لە هێزى پێشمەرگە و خەڵکى سنورەکە،دوژمن سوپایەکى زۆرى نارد بۆ سەر سنورەکە کە بریتى بوو لە(لیواى 27) فرقەى(2) دوو کەتیبەى دەبابەو دوو سریەى استتلاح و یەک کەتیبەى هەندەسەى (لیواى 21) فرقەى (2) دوو سریەى مخاویر لە (لیواى 29) فرقەى یەک دوو کەتیبەى مدفح، لیواى یەک هێزى مەیدان کە پێکهاتبوو لە یەک فەوجى (مشات) زیاتر لە(15) هیلیکۆپتەر و لەگەڵ کۆمەلێک ئەفسەرى پایە بەرزى رژێم لەوانە (ئیسماعیل تایە النحیمى) کە قائد فرقەى ئەو کات بوو، سەرکردایەتى هەموو هێزاکانى دەکرد، عەقید روکن فرۆکەوان (ئەحمەد راوى) سەرپەرشتى هێرشى فرۆکەوانى دەکرد،لیوا روکن (سەعدون حسێن) و عەقید روکن (تۆفیق ئەیوب المختار) لەگەڵ دەیان ئەفسەرى تر کە بۆ ئەو هێرشانە ئامادە کرابوون،

لە بەرە بەیانى رۆژى(14-5-1969) ئەم هێزانە پێشڕەویانکرد و لە سنورى سەنگەسەر لەگەڵ هێزى پێشمەرگەى کوردستان رووبەرووى یەکتربوونەوە، کە دوژمن لە سێ لاوە هێرشیان هێنا و هەرچى چەکى قورس هەبوو بەکاریان هێنا و تائێوارە شەر لە نێوان هەردوولا بەردەوام بوو، لەو شەردا پێشمەرگەیەکى هێزى هەڵگورد بەناوى (حسێن عڵى) شەهید بوو، کە خەڵکى زومار بوو لە سەنگەرى پێشەوە هەردوو قاچەکانى دەبەستێتەوە، بۆ ئەوەى تا شەهیدبوون سەنگەر چۆڵنەکات، شەهید حسێن بە چەکى قازیفە دەبابەیەک دەشکێنێ دوژمن چەند جارێک داواى لێدەکات خۆى بدات بەدەستەوە، بەلام شەهید حسێن لە وەلام دەڵى ((مرۆڤ نابێ بۆ ژیانى دونیا، سەنگەرى شەرەف و بەرگرى چۆڵ بکات. ئەوەى خۆى تەسلیمى دوژمن بکات بە مرۆڤ نایەتە حسابکردن)) ئەو ئەفسەرەى لە شەرەکەدا بەشداربووە، لە یاداشتەکانى خۆى لە کتێبەکەى نوسیویەتى بەناوى (تجربتى فى القیادە) هەر لەو شەردا سێ کەسیتر شەهید دەبن بەناوەکانى (حەمەد شێخە محمود، سەید مینە، بارزان سەید حاجى) دواى ئەم شەرە دوژمن پێشرەوى دەکات و کۆنترۆڵى سنورەکە دەکات، بۆ تۆڵە کردنەوەى زیانەکانى بریارى سوتاندنى شارۆچکەى سەنگەسەر دەدەن و دەست دەکەن بە سوتاندنى سەرجەم خانوەکانى هاووڵاتیان و هەر خانوویەک ئاگرەکەى گوژابایەوە ئەوە جارێکى تر بە نەوت و گاز ئاگریان تێبەر دەدایەوە،تا بەتەواوەتى سەنگەسەریان سوتاندوو ماوەى (نۆ شەو نۆ رۆژ) ئاگرى تێدابوو، هەروەها (لە 15-5-1969) بۆمبێکى تێزاب فرێدەدانە گوندى سوڵتانەدێ تازە کە بەر ماڵێکى سەنگەسەر دەکەوێت،بەناوى (حەمدى مام برایمى) تەنها دووکەسیان دەردەچن و ئەو خێزانە لەترسى هێرشەکانى دوژمن هەڵاتبون بۆ ئەو گوندە.

پانۆڕاماى سیاسى ناحیەى سەنگەسەر
بەهۆى پێگەى جوگرافى و سیاسى شارەکە لەمێژوودا کە بەردەم لانەى شۆڕش و بەرخودان بووە لەهەردوو شۆڕشى کۆن و نوێدا ئەو کارەسات و نەهامەتییانەى لاى خوارەوەى بەسەر هاتووە :
1- بۆ یەکەم جار لەساڵى / ١٩٦٥ بەهۆى ڕژێمى ئەو کاتەى عێراقەوە بەشێکى شارەکە سوتاو وێران بووە و خەڵکەکەشى ئاوارە بووە .
2- لە٢٥ / ٩ / ١٩٦٨ لەشەڕێکى بێ وێنەدا گەورەترین داستانى شۆڕشى لێ تۆمار کراوەو زیاتر لە( ١١ ) سەیارەى ڕژێم سوتێنراوە .
3- حکومەتى ئەوساى عێراق لەتۆڵەى ئەو داستانەى ساڵى / ١٩٦٨ لە١٤ / ٥ / ١٩٦٩ سەنگەسەر بەتەواوى لەسەر دەستى ملازم داود کە قیادەى سوپاى عێراقى کردووە سووتاوە و وێران کراوە .
4- لەساڵى / ١٩٧٤ بەخەستى تۆپباران کراوە خەڵکەکەى بۆ چەند جار ئاوارە بووەو بەردەوام لەو ماوەیەدا لەژێر مەترسى بۆمبارانى فڕۆکەو تۆپباراندا بووە، ژیانى لەناو ئەشکەوتەکانى دەوروبەریدا بەسەر بردووە .
5- لەساڵى / ١٩٨٣ هاودەنگ و هاو هەڵوێست بووە لەگەڵ باقى ڕاپەڕینى شاروشارۆچکەکانى دیکەى کوردستان ئەویش ڕاپەڕیوەو خەڵکانێکى بریندار و شەهید و ڕاپێچى زیندانەکان کراوە .
6- لەساڵى / ١٩٨٨ دا کاتێک ئۆردوگاى ( بەستەستێن ) ڕاگوێزرا بۆ ئۆردوگاى زۆرە ملێى حاجیاوا ، ئەوەش بووە هۆى ئەوەى خەڵکى ناو سەنگەسەر جارێکیتر ئاوارەى ئێران بێت .
7- لە٩ / ٦ / ١٩٨٩ بەیەکجارى ڕاگوێزراوەو شارەکەى لەگەڵ زەوى تەخت کراوەو ئەو خەڵکەى کە مابۆوە ڕاپێچى ئۆردوگا زۆرەملێکانى ( حاجیاوا ، بازیان ، خەبات ، کەورگۆسک ، دارەتوو ، تۆبزاوا ، جدیدە، هتد ) کراوە .
8- لە٤ / ٣ / ١٩٩١ لەیەکەم چەخماخەى ڕاپەڕین لەخەبات لەگەڵ خەڵکى قەلادزێ بەیەکەوە وەک پشدەر ڕاپەڕین و دواتر لە٥ / ٣ / ١٩٩١ لەتەقینەوەى ڕاپەڕین دا لەڕانیە شەهید ( محمد ئەحمەد ئاڵــى ) وەک یەکێک لەشەهیدەکانى ڕاپەڕین کەخەڵکى سەنگەسەرە لەدەست بەسەردا گرتنى مونەزەمەى ڕانیەدا لەبەردەم مونەزەمەدا شەهید بوو .
10- دواى پەیماننامەى ساڵى / ١٩٧٥ ى شوم کە سیاسەتى سوتماک کردن هاتە ئاراوە حکومەتى عێراق تەواوى گوندەکانى سەر سنورى ناحیەى سەنگەسەرى ڕاگواست بۆ چەند ئۆردوگایەکى زۆرەملێ لە دەوروبەرى ناحیەى سەنگەسەر بەناوى ( کۆمتان ، بەستەستێن ، توەسوران ، بایەوان ) کە لەساڵى / ١٩٧٧ بەدواوە پەیڕەو کرا، بەڵام لەدوایدا جارێکیتر ئەوانەى ناوبراون و خودى ناحیەکەش لەساڵى / ١٩٨٨ و ١٩٨٩ بەیەکجارى ڕاگوێزران و وێران و چۆڵ کران یەکجارى، بەمەش گەورەترین کارەسات و نەهامەتى بەسەر خەڵکەکەیدا هات و پێکهاتەى کۆمەلایەتى ئەو ناحیەیەى گۆڕى .

سەنگەسەر لەپیگەى شۆرشدا
سنورى ناحیەى سەنگەسەر سەرەراى ئەوەى سێ جار رووخاوە و سوتاوە و ٦٨ کادیر و فەرماندەى سیاسى و عەسکەرى و پیشمەرگەى لەشاخ شەەید بووە و بەسەدان پیشمەرگەشى لەشاخ هەبووە و دواى راپەرینیش ٧٠ شەهیدى هەیە و ئەو شارۆچکەیە هەمیشەلانەى شۆرش بووە و تەنانەت بەرێز (مەسعود بارزانى) سەرۆکى هەرێمیش بەوتەى خۆى لەسەنگەسەر چەکى کردۆتە شان و شۆرشى نویش هەر لەو دەڤەرەو قەندیل سەرى هەڵدا، چەندین سەرکردە بۆ ماوەیەک لەم شارەدا ماونەوە .