سەرەکی / تۆپ ستۆر / هەردوو حیزبی دێموکراتی ئێران یەکیانگدەوە

هەردوو حیزبی دێموکراتی ئێران یەکیانگدەوە

ڕێکخراو و کەسایەتییە ئازادیخوازە کوردستانی و ئێرانییەکان!

خەڵکی دێموکراتپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

لەمڕۆ بە دواوە کۆتایی بە تێکۆشانی بەجیای هەر دوو لای دێموکرات دێت. ڕێکخراوە و ئۆرگان و دامەزراوەکانی هەر دوو حیزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بەپێی ڕێککەوتنە دوو لایەنییەکان و ڕێوشوێنە دیاریکراوەکان و لەژێر ڕێنوێنی و چاوەدێریی ڕێبەرییەکی هاوبەشدا، لە ژێرناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، یەک دەگرنەوە و درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.

لەم بۆنە مێژووییەدا، لە ئاست کۆڵنەدان و پێداگرتنی خەڵکی کوردستان لەسەر پێویستیی یەکگرتنەوەی حیزبی خۆشەویستی خۆیان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران سەری ڕێز دادەنوێنین. بە ئەمەگناسییەوە ئاوڕ لە هەوڵەکانی دڵسۆزان و خوازیارانی یەکگرتنەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، چ لەنێو بنەماڵەی گەورەی دێموکرات و چ لە دەرەوەی حیزبی دێموکراتدا دەدەینەوە. بە گەرمییش سوپاس و دەستخۆش بە هەیئەتەکانی هەردوو لای دێموکرات دەڵێین کە ڕەوتی دانوستان و ڕێککەوتنەکانیان بە سەرکەوتنەوە گەیاندە کۆتایی.
ئێمە باش دەزانین کە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات یەکێک لە داوا ڕەواکان و ئاواتە پیرۆزەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و، بنەماڵەی شەهیدان، بەندییە سیاسییەکان و تێکۆشەران و ئەندامانی سەر بە حیزبی دێموکرات بە تایبەتییە. بەبۆنەی وەدیهاتنی ئەو ئاواتە پیرۆزەیان گەرمترین پیرۆزباییان پێشکەش دەکەین. دڵنیاشیان دەکەین خەمخۆری و هەستیاربوونی ئەوان لە ئاست پرسی یەکگرتنەوە، بەرپرسایەتی و ئەرکی ئێمە لە پاراستنی ئەو دەسکەوتە گەورەیەدا، قورستر دەکا.

گومانی تێدا نییە کە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئەم حیزبە لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەدژی هەر عەقڵییەتێکی ناوەندگەرا کە فرەنەتەوەبوونی ئێران و مافە نەتەوەییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران ڕەت بکاتەوە. هاندەر و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە هێزێکی شوێندانەری ئەوتۆ کە لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سەرانسەریدا، حیسێبی تایبەتی بۆ بکرێت. ئەم یەکگرتنەوەیە پاڵپشت دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پرەنسیپە لەمێژینە و گرنگەکانی حیزب. بە دڵنیاییەوە ئەم ڕووداوە پیرۆزە دەبێتە هۆی گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کەوتنەوە سەریەکی ئەو هەمووە سەرمایە مرۆیی و مەعنەوییە، پشت‌ئەستوور بە جێگە و پێگە و ئێعتبار و خۆشەویستیی کەم‌وێنەی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکی کوردستان و، دڵگەرم بە دەرس‌وەرگرتن و وشیاری و ئەزموونی دەوڵەمەند و فرەڕەهەندی ڕێبەری، کادرەکان و سەرجەم تێکۆشەرانی دێموکرات، زۆر دەرفەتی نوێ بۆ حیزبی دێموکرات دەخوڵقێنن. چاوەڕوانی و هیوای ئێمە ئەوەیە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، ببێتە مایەی هیواداری و دڵگەرمیی زیاتری توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کوردستان بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات و خەبات لە پێناوی ڕزگاریی نەتەوەکەیان بە ڕێبەریی ئەم حیزبە.

بانگەوازی ئێمە لەم بۆنەیەدا بۆ ڕێکخراوە سیاسییە خەباتگێڕەکانی کوردستان و ئێران، کۆڕ و کۆمەڵە و گرووپ و ناوەندە مەدەنی و ئازادیخوازەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەوەیە، هەلومەرجی سیاسیی ئەمڕۆی ئێران و ڕاوەستانی بێ‌وێنەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە بەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، هاندەریان بێت بۆ یەکگرتن و پتەوکردنی ڕیزەکانیان، هاندەریان بێت بۆ هاوکاری و خەباتی هاوبەش. حیزبی دێموکرات لەمەودوا بە دەست‌وباڵێکی ئاوەڵاترەوە بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی ئامانج و پرۆژە نەتەوەیی و خەباتگێڕانەکانی، یەک لەوان پێویستیی پێکهێنانی هاوخەباتی و هاوپەیمانیی نێوان ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆ ئامادەکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵوگۆڕە چاوەڕوانکراوەکان هەنگاو دەنێت.

سڵاوی وەفا و ئەمەگناسی بۆ گیانی پاکی شەهیدان و نەمرانی مێژووی ٧٧ساڵەی حیزبی دێموکرات بە تایبەت سێ ڕێبەری شەهیدی دێموکرات: پێشەوا قازی محەممەد، د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی.

پیرۆزبێ یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە هەموو تیکۆشەران، ئەندامان و دڵسۆزانی حیزب.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *