سەرەکی / تۆپ ستۆر / شەماڵ بارەوانی: لەنێوان نەجوا کەرەم و سەید قوتبدا

شەماڵ بارەوانی: لەنێوان نەجوا کەرەم و سەید قوتبدا

لەنێوان نەجوا کەرەم و سەید قوتبدا.. شەماڵ بارەوانی

برادەرێکم هەیه کاتی خۆی من کردم بە ئیسلامی و بردم بۆ حوجرەی ئیسلامیەکان و قوتابخانەی ئیسلامی و پێکەوەش فەقێیاتی و قوتابخانەی ئایینی و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانمان تەواوکرد.
پێشووتر زۆر هاوڕێ بووین و بۆ هەرکوێیەك بڕۆشتباین هەر پێکەوە بووین،
لە هەولێر لەکاتی فەقێیاتی لەبەرمن خۆی نەقلی سلێمانی کرد تا لەگەڵم بێتە سلێمانی و لێم دانەبڕێت. کە لە سلێمانیش هاتمەوە بۆ حوجرەی هەولێر، دووباره گووتی بۆ کوێ بڕۆیت منیش دێم بۆ ئەوێ و دیسان لەگەڵم خۆی نەقڵکردەوە هەولێر.
بەڕاستی وەکو دوو برای دوانە وابووین. دوای ئەوەی من تووشی گۆڕانی فیکری بووم، نێوانمان هەندێک ساردی تێکەوت و ئەو خۆی لێم بە دوور دەگرت و دەترسا تووشی هەمان گۆڕان ببێت.

بە حوکمی ئەوەی من، ئێستا هەفتانە، بەشێک لە بیرەوەریەکانی سەردەمی فەقێیاتی و خوێندنی حوجرە و قوتابخانەی ئایینی و کۆلێژی شەریعە(زانستە ئیسلامیەکان)، لەژێر ناونیشانی(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..) لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و هەریەك له: ماڵپەڕەکانی(دابڕان) و (دەنگەکان) و (قەندیل24) و (وتاری کورد)بڵاو دەبێتەوە و پاشان لە ماڵپەڕی(کوردیپێدیا) بە ئەرشیڤی دەکەین.

پێش ماوەیەکە بە هۆی ئەوەی بەشێکی بیرەوەریەکان چیرۆکێک و بیرەوەریەکی سەردەمی فەقێیاتی(سێ قول هو اللە و دوو فەقێ و فێڵێك) یەکێک بوو لە بەشەکانی بیرەوەریەکە و چیرۆک و بیرەوەرەیەکە خۆم و خۆی بووین، دیاربوو زۆرپێی قەڵس ببوو و یەکسەر لە فەیسبووک بڵۆکی کردم.
هەرچەند لە دەرەوەی فەیسبووک کەمێک پەیوەندیمان ماوە و جار جار تێڵم بۆدەکات و
ئێستاش کەم کەم یەکتری دەبینین و هێشتا خەیاڵی ئەوە دەکات کە من ڕۆژێک دادێت و دەگەڕێمەوە باوەشی ئیسلامی سیاسی و دووبارە دەبم بە بابایەکی دۆگمایی.

جا پێم دەڵێت:دەزانم ڕۆژێک دێت و دەگۆڕێیت و دەگەڕێیتەوە، بەڵام چ گەڕانەوەیەک؟ ڕێک وەکو سەید قوتب!
منیش پێی دەڵێم: پیف لەو گۆڕان و گەڕانەوەیە، بیرمەند و خەڵکی موتەنەوەری لە نموونەی: مەڵای گەورەی کۆیە و شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و دەیان کەسایەتی ئایینیتری کوردی خۆمان خەڵاس بوون، تا من لە شێوەی سەید قوتبی عەرەبی و ڕادیکاڵ و تیۆرسەنی هزری توندئاژۆیی و باوکی ڕۆحی بزووتنەوە فێندەمێنتالیستەکان و ئیلهام بەخشی گرووپە تیرۆرستەکان بگەڕێمەوە ئامێزی ئیسلامی سیاسی!

هەڵبەت، ئەوخەونە خۆش و خەیاڵە مەحاڵەی ئەو هاوڕێ ئیسلامیه ئەوەمان پێدەڵێت کە مینتاڵێنت و بیرکردنەوەی تاکی ئیسلامی سیاسی چەندە به بیری عرووبە و هزری ناڕەسەن موتوربەکراوە و چ قەدەرێک تۆی ئوسوڵیەت و بێگانە پەرستی گەمارۆی ئەقڵ و هزری کەسی ئیسلامی داوە.

ئاخر ئەوان هەمیشە سەید قوتب و حەسەن بەناو ئەبو ئەعلای مەودوودی و سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانلی و فلانولدینی ئەفغانی و ئەویتری پاکستانی و جەوهەردۆدایڤی شیشانی و کێو کێیتری سودانی و عەرەبستانی
بە ڕێبەر و سەرمەشقی خۆیان دەزانن، نەك سەید ڕەزای دێرسیمی و شێخ سەعیدی پیران و پێشەوا قازی و سمکۆی شکاک و شێخ حەفید و دەیان ئایکۆن وکەسایەتی تری نەتەوەیی ناو مێژووی ڕزگاری خوازی کورد.

ئەوە بیرمە ئیسلامی بووم و مەلا (عوزێر حافز) هاتبوو بۆ (لقی یەکگرتووی ئیسلامی) لە بەردەڕەش و وتار و وەعزێکی بۆ داین سەبارەت بە سەڵاحەدینی ئەیوبی و قودس و فەڵەستین.
جا وەعز و وتارەکەی هێندە بە عاتیفی دەدا و باسی ئەوەی دەکرد کە ڕۆژێک دادێت دووبارە ڕۆڵەکانی سەڵاحەدین(قودس ئازاد دەکەن!) ئێمەش هەموو کێرڤی حەماسەتی دینیمان بەرز بەرز ببوویەوە و هەموان پێکەوە دامانە پڕمەی گریان.
ئەوەیە حەقیقەتەکە ئازیزم.
ئیسلامی سیاسی یانی لە جیاتی بێت و باسی داگیرکردن و بە پێنج پارچەکردنی کوردستان و ، ئازادکردنی کەرکوک و مەهاباد و عەفرین و ئامەد بکات و بۆ وڵاتی خۆی بگریێت و فیغان بکات و ئەشک بڕێژێت، شەڕی بە وەکالەت بۆ عەرەب دەکات و شیوەن بۆ قودس دەگێڕێت!

من وەکو لە وتاریتریش گوتوومە، هەرگیز گلەیی کورد بوون لە ئیسلامی سیاسی و کوردە بە ئیخوانبووەکان ناکەم.
چونکوو ئەوان لە بنەڕەتدا بۆ قەزیەی کوردی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و بەرگری کردن لە زمان و خاک و فەرهەنگ و کەلتوور و مێژوویی کورد درووست نەبوون.

بەڵکو ئەوان لەسەر دەستی ئەم دەوڵەتی داگیرکەری خاکی کوردستان و بە سپۆنسەری ئەویتری نەیاری کورد و بۆ لێدان لە کورد بوون و ئەنفاڵکردنی ئنتیمای کوردایەتی دروستکراون.

خەم و خەونی ئەوان، خاک و فەرهەنگ و زمانی کوردی و برایەتی نێوان کورد و ڕۆنانی کوردستانی گەوره نییە.
ئەوەی ئەوان خەیاڵی بۆ دەکەن و خەونی پێوە دەبینن و هەوڵی بۆ دەدەن، بە ئیسلامیزەکردنی تەواوی سێکتەرەکانی کۆمەڵ و جومگەکانی ژیانە.

دروست کردنی دەوڵەتێکی سیوکراتی و زیندووکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامییە.
خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگ و کولتوور و مێژووی عەرەب و تیرۆرکردن و خەفەکردنی هەست و سۆزی کورد بوون و وێرانکردنی چەمکی کوردایەتییە.
بەهێز کردنی شعور و ئەقڵیەتی (ئومەی ئیسلامی) و بەرزکردنەوەی باڵانسی عاتیفەی ئیسلامی سیاسی و لەسەر حیسابی هەستی نەتەوایەتی و دوورکەرتکردنی کوردایەتیه.

ئینجا با بێمەوە سەر بنەچەی بابەتەکەو خەیاڵە خۆشەکەی ئەو برادەره ئیسلامیەم،
ئەوە بیرمە مناڵ بووم و کۆتایی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو بوو(١٩٩٨-١٩٩٩)،
ئەوکات باوی نەجوە کەڕەم و نەوال زوغبی و کلودیا شمالی و ڕاغب عەلامە و حەبیب عەلی و دیانە حەداد و ئەوانە بوو، و هێشتا نانسی و ئەلیساو هەیفا نەببوون بە ئەستێرە و لە هیچ شوێنێك دیارنەبوون و خەڵك نەیدەزانی کێن.
دیانە حەداد گۆرانیەکەی(ئەمانێ) و نەجوا کەڕەمیش بە(ئەنا مافی)دەنگیان دابوویەوە.

جا کوڕێکی گەنج هەبوو لە دێیەکەمان، دێی( بارەوان)، کورد وتەنی پیس عاشقی نەجوا کەڕەم ببوو و نەجوا دڵی فڕاندبوو و هەموو هۆشی داگیرکردبوو و دەیگووت:ژنم ناوێ.
جا کوڕە پلکێکم هەبوو زۆر کۆمێدی بوو و سەبارەت بەو کوڕه دەیگووت: دەڵێت ژنم ناوێ، ئیلا نەجوا کەرەم نەبێت. ئێ کاکە نەجوات لەکوێ بۆ بێنین؟! بە خوای هەرگیز نەتدیت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *