سەرەکی / ئەدەب / ژیانی حەمەی مەلا کەریم

ژیانی حەمەی مەلا کەریم

#ژیانی حەمەی مەلا کەریم

محەمەد مەلا عەبدولکەریم مودەریس، لە ساڵی ١٩٣١ لە شارۆچکەی بیارەی پارێزگای هەڵەبجە لەدایک بووە.
لە قوتابخانەی منداڵه شێخەکانی بیارە خوێندنی قورئانی پیرۆزی تەواو کردووە، کوردی و فارسی لە حوجرە خوێندووە.
لە ساڵی ١٩٥٤ خوێندنی مەلایەتی لە سلێمانی تەواوکردووە. لەتەمەنی لاوی ئارەزووی چۆتە کاری ڕۆژنامەنوس، چەندین نووسینی لە ڕۆژنامەکانی بەغدا بڵاوکردووەتەوە، پێشتریش هەر لە بیارە، گۆڤارێکی ئاینیی سیاسی دەرکردووە.

هاوکات لەگەڵ ( گۆران) ئاشنایەتی پەیدا کردووە، لە ڕۆژنامەی (ژین) چەندین پەخشان و شیعری بڵاوکردووەتەوە.
لە ١٩٤٨ ئاشنایەتی لەگەڵ ئەدەبیاتی شیوعی پەیداکردووە و پاشان بووەتە ئەندامێکه چالاکه ئەو حیزبە.
.

بەھۆی شارەزایییەوە توانی پێداچوونەوە بە دیوانی «شیرین و خوسرەو»ی خانای قوبادی بکا، کە نزیکەی ٥٥٢٦ دێرەشیعرە و بە شێوەزاری ھەورامی نووسراوە، بەھۆی سەرکەوتنی لە پێداچوونەوەی ئەو دیوانە، لە ١٩٧٥ کۆمەڵەی زانستیی کوردی ئەو دیوانەیان چاپ کرد.

حەمەی مەلا کەریم ڕۆڵێکی دەستپێشخەری ھەبوو لە پێداچوونەوە بە دیوانی مەولەوی، بە لێکدانەوەی دیوانەکەی، ھەروەھا ماناکردنی زۆرێک لە وشە ھەورامی و بیانییەکان، بە ڕوونکردنەوە و بەپشتبەستن بە ھەندێک فەرھەنگ.
ھەروەھا ھاوکاربووە لەگەڵ عەبدولکەریمی باوکی و فاتیحی برای لە لێکدانەوەی دیوانی نالی، دوای پێداچوونەوە ھەستاوە بە چاپکردنی دیوانەکە بە ھاوکاریی کۆمەڵەی زانستیی کوردی لە ١٩٧٦.

دیسان بە ھاوکاریی باوکی کاری کردووە بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی دیوانی مەحوی و چاپکردنی دیوانەکەی لەلایەن کۆمەڵەی زانستیی کوردی لە بەغدا، لە سەرەتای دیوانەکە ئاماژەی بەوە داوە کە سوودی لە چاپی ساڵی ١٩٢٢ی دیوانی مەحوی وەرگرتووە و لەگەڵ ھەندێک لە تێبینی و نووسینەکانی مەحوی کە لەلای خێزانەکەی مابوون، ھەروەھا ئاماژەی بە سوودوەرگرتن کردووە لە گۆران و کاکەی فەلاح بۆ پوختەکردنی ئەو چاپە نوێیە، دواتر لە ١٩٦٢ پێشکەشی باوکی کردووە.

لە ڕۆژنامەکانی «تەئاخی و برایەتی، فکر ئەلجەدید، شەفەق و ئیسلاحی زەراعی، و گۆڤار و ڕۆژنامەی تری کوردی و عەرەبی کاری کردووە. یەکێک بووە لە ئەندامانی کۆڕی زانیاریی کورد. خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێبی جۆراوجۆرە، جگە لە کارکردن لە دیوانی شاعیرە کلاسیکییەکانی کورد بە ھاوکاریی باوکی «مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس». زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەریکی نووسین و توێژینەوە بووە، و چەند جارێک زیندانی کراوە، کتێبەکانی «جەنگاوەرێکی ڤێتنامی» و «لاوک و حەیران»ی لە زیندان نووسیون.

حەمەی مەلا کەریم لە چەند ساڵی کۆتایی تەمەنی بەھۆی نەخۆشییەوە کەوتبووە سەرجێگا. لە بەرەبەیانی ١٢ی ئازاری ٢٠١٧، بەھۆی نەخۆشییەوە لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد، لە گردی مامەیارە تەرمەکەی نێژرا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *