سەرەکی / ئەدەب / جیهانــــی سـۆفیــا،بەرهەمێکی تری دانسقەی” یۆستاین گاردەر” نووسەر و ڕۆمان نووسی بەڕەگەز نەڕوێژیە.

جیهانــــی سـۆفیــا،بەرهەمێکی تری دانسقەی” یۆستاین گاردەر” نووسەر و ڕۆمان نووسی بەڕەگەز نەڕوێژیە.

جیهانــــی سـۆفیــا/ شەماڵ بارەوانی
بەرهەمێکی تری دانسقەی” یۆستاین گاردەر” نووسەر و ڕۆمان نووسی بەڕەگەز نەڕوێژیە.
جیهانــــی سـۆفیــا/
ڕۆمانێکی ناوازە و خاوەن ڕەهەندێکی فەلسەفیی قوڵە و نووسەر تێیدا باس لە مێژووی فەلسەفە و قوتابخانە فەلسەفیەکان و تێز و تێڕوانینی فەیلەسوفەکان دەکات و تیشک دەخاتە سەر دایەلۆکی فەلسەفی نێوان پالەوانی ڕۆمانەکە(سۆفیا)و مامۆستاکەی(ئەلبێرت کنۆکس)ی فەیلەسوف.

ئەو شاکارە ئەدەبیە مەزنە بۆ زۆرێک لە زمانەکانی جیهان هاتووەتەوە وەرگێڕان و ملیۆنان کۆپی لێ چاپ کراوەو ناو دەنگێکی جیهانی بەدەست هێناوە وخوێنەرێکیبێ شوماری لە دەوری خۆی لەسەر ئاستی دنیادا کۆکردووتەوە.

جیهانــــی سـۆفیــا/
یەکەم چاپی بەزمانی نەڕوێژی لەساڵی١٩٩١لێ بڵاو بووەوە و دواتر و لەساڵی ١٩٩٩ پێی خستە نێو جیهانی فیلم و دنیای سینەماوە و بەرهەمێکی سینەمایی بەهەمان ناونیشان لێ بەرهەم هێندرا.

لە جیهانــــی سـۆفیــادا/
نووسەر باس لەکچێک بە ناوی”سۆفیا ئامۆنسن”دەکات، کە لەتەمەنی چواردە ساڵیدایە و کات و سەردەمی چیڕۆکەکەیش وڵاتی نەروێژ و ساڵی١٩٩١ی زایینیە، سۆفیا لەگەڵ دایکی و پشیلە پڵنگییە ڕەنگ زەردەکەی و کێسەڵەکەی(گۆڤیندا) و دوو توتیە ئوسترالیەکەی و ماسیە ئاڵتۆنیەکانیدا، کە وەک دڵنەواییەک بۆ پڕکرنەوەی بۆشایی بێ باوکی دەژیت و ئولفەت و هۆگری پێوەگرتوون.

باوکی بەهۆی سەرقاڵی لە دورەوەی ماڵەوە بەکارکردنی وەک کەپتاینی کەشتییەکی گەورەی نەوتکێش،
زۆر کەم دەرفەتی هاتنەوەی ماڵەوەی دەبێت و زۆربەی ساڵەکە ناکەوێتە ماڵەوە.

سۆفیا ڕۆژێک وەک پیشەی ڕۆژانەی کاتێک کە لە قوتابخانە لەگەڵ یۆرونی هاوەڵی دەگەڕێتەوە، سەیری سندووقی پۆستەکەی ماڵەوەیان دەکات، دوو نامەی نامۆی تێدا دەبینیت، جیا لەو نامانەی پێشووتر بۆیان دەهات. لەدوو نامەی نهێنی لەناو سندوقی پۆستەکەیاندا، نامەکان هەڵگری دوو پرسیاری فەلسەفین، یەکەمیان:”تۆ کێیت؟، و دوومیان:جیهان چۆن درووست بووە؟.

ئەو دوو پرسەی سۆفیا ڕووبەڕووی مەتەڵێکی گەورەی گەردوونی دەکەنەوە. ئەو دوو پرسیارەی لەگەل دەسپێک و لە دایکبوونی فەلسەفەدا لە دایک بوون و لە مێژووی فەلسەفە و هرزردا مێژوویەکی درێژیان هەیە و گەنگەشەو گفتوگۆیەکی زۆریان لەسەر کراوە و بیرمەندان و فەیلەسوفان و مرۆڤایەتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

دواترو دوای ماوەیەک، سۆفیا دووبارە کۆمەڵێک پەڕەی پێچراو دەبینیت، لەسەر پشتی پەڕەکان نووسرابوو”کۆرسی فەلسەفه”و ناواخنیشیان کۆمەڵێک وانەو پرسی فەلسەفیان لەخۆیان گرتووە و بێ ناو نیشان و ئەدرێس، لە لایان کەسێکی نادیار و لە شوێنێکی نادیارەوە.

بەتێپەڕبوونی کات هێدی هێدی نووسەری نامەکان خۆی ئاشکرادەکات و سۆفیا دەبێتە قوتابی ئەو فەیلەسوفە(ئەلبێرتۆ کنۆکس)،
ئەو پیاوەی لە ٥٥ساڵی تەمەنی دایە، سۆفیا بۆی ئاشکرا دەبێت کە هەموو نامەو وانە فەلسەفیەکان لەو پیاوە پەنهان و نادیارەوە بوون، تەنها پۆستکارتەکان نەبێت، کە لە کەسێکیترەوەن بەناوی(ئەلبرت کناچ)وە بۆی دەهاتن، ئەو پیاوەی کە لەڕیزی “قوى حفظ السلام”ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان وەک ئەفسەرێکی پلەبەرز کاردەکات. ئەو کەسەی خاوەنی هێزێکی خاریقولعادە و بەدەر لە سرووشتە.
ئەلبێرتۆ ئەو پیاوەی لەبەرگی قەشەیەکدا و لەکەنیسەیەکی کۆنەوە دەردەکەوێت و دەست بە فێرکردنی سۆفی دەکات و وانەی فەلسەفی پێدەڵێتەوە. لەسەرەتای فەلسەفەی یۆنانی و پێش سوکراتەوە، تادەگات بە فەلسەفە لە سەدەکانی ناوەند و قۆناغی ڕاچڵەکین و ڕێنسانس و سەردەمی ڕۆشنگەڕی و ڕومانتیکیەت و وجودیەت..تاد.

جیهانی سۆفیا/
ڕۆمانێکی قەبارە مەزنە و زیاد لە(٥٠٠)لاپەڕەیەو ٣٦ بابەت لە خۆی دەگرێت.

خوێنەر، دنیایەک زانیاری ومەعریفەی مێژوویی و فیکری و فەلسەفی و زانستی گرنگ لەو ڕۆمانەدا بەدەست دێنێت.

جیهانی سۆفیا/
سەرەتا و دەروازەیەکی گرنگە بۆ هەموو ئەوانەی تامەزرۆی فەلسەفەن و دەیانەوێت فێری فەلسەفەبن.

جیهانی سۆفیا/
مێژووی(٣٠٠٠)هەزارساڵی فەلسەفە لە دوو توی پەڕتوێکێکی (٥٠٠) لاپەڕەییدا کورت دەکاتەوە و پێت دەڵێت فەلسەفە واتا چی؟

لە جیهانی سۆفیادا/
نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێت فەلسەفە تاقە ڕێگایە بۆ وڵام دانەوەی هەموو پرسیارەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *