بەپێی زانيارييەکانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەشتی زیارەتکارانی هەرێم بۆ وڵاتی سعودیە لە هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەکات و تا 22ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی 141 زیارەتکار بۆ وڵاتی سعودیە بەڕێدەکەون کە بەسەر سێ گرووپدا دابەشبوون و هەر گرووپێک لەلایەن کۆمپانیایەکەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لە 47 حاجی پێکهاتوون.
هەروەها، لە دهۆک 141 کەس بەسەر سێ گرووپ و لە هەولێریش 188 کەس بەسەر چوار گرووپدا دابەشبوون و بەڕێدەکەون.
هەر بەپێی ئەو زانيارييانەی لە ئەوقافی هەرێم بڵاويکردووەتەوە: ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و 120 کەس ناویان بۆ حەج هاتووەتەوە.
ئەمساڵ وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە رایگەیاند: حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە بە بەرزکردنەوەی ژمارەی حاجییەکانی ئەمساڵ بۆ یەک ملیۆن حاجی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە، رێگەدەرێت ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 65ساڵ کەمترە و ڤاکسينی کۆرۆنايان وەرگرتووە فەریزەی حەج و عەمرە بەجێبهێنن.