SNN-عەلی حەمە سەعید
كاردانەوەكانی تایبەت بە بڕیارەكەی (بافڵ جەلال تاڵەبانی) سەرۆكی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان لەبارەی چاندنی یەك ملیۆن نەمام بەردەوامییان هەیە و سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان، ئاماژە بەوەدەكات: كە ئەو بڕیارەی سەرۆكی یەكێتی ڕێژەی سەوزایی لە %18ەوە بۆ لە %30 بەرزدەكاتەوە، هاوكات وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمیش جەخت لەوەدەكەنەوە كە چاندنی یەك ملیۆن نەمام لەلایەن سەرۆكی یەكێتی خزمەتێكی راستەوخۆی ژینگەی كوردستان و دانیشتوانەكەی دەكات.
ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان بە SNN ی ڕاگەیاند: بڕیارەكەی (بافڵ جەلال تاڵەبانی) سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ چاندنی یەك ملیۆن نەمام، جێگەی دڵخۆشییە چونكە ئەوە جۆرێكی نوێی سیاسەت و خەباتە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان، لەلایەكی دیكەوە ئەم بڕیارە وادەكات كە رێژەی سەوزایی لەسلێمانی 18% بۆ 30% بەرز دەكاتەوە ئەوەش ڕێژەیەكی زۆرباشە.
ئاماژەی بەوەشكرد: بەهۆی چاندنی ئەو ژمارە زۆرەی نەمام دەتواندرێت پشتێنەیەكی سەوزای بۆ سلێمانی دروستبكرێت ئەوەش ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر پاككردنەوەی ژینگەی شارەكە، هاوكات لەئێستادا جیهان و عێراق و هەرێمی كوردستان روبەڕووی گۆڕانكاری كەشوهەواو پیسبوونی ژینگە بوونەتەوە، بۆیە بەمجۆرە بڕیار و چالاكیانە، دەتواندرێت ژینگە و سروشتی هەرێم بپارێزرێت و كاریگەرییەكانی كەمبكرێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە و هەر لە چوارچێوەی كاردانەوەكاندا، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە لە راگەیەندراوێكیاندا ئاماژەیان بەوەكردووە: چاندنی یەك ملیۆن نەمام لەلایەن سەرۆكی یەكێتی خزمەتێكی راستەوخۆی ژینگەی كوردستان و دانیشتوانەكەی دەكات، بۆیە پێشوازی دەكەین لەو بڕیارەی سەرۆكی یەكێتی بە دەستپێشخەری و لە ئەستۆگرتنی داچاندنی (یەك ملیۆن نەمام) لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، لەپێناو سەوزكردنی ژینگەی كوردستانمان.
ئەوەشخراوەتەڕوو: هیوادارین ئەم هەنگاوە پیرۆزە هاوشانی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی تری حكومەت، ببێتە بنەما و نەریت و مۆدێلی سیاسەتكردنی حزبەكانی كوردستان لە پێناو پێشبركێی زیادكردنی پانتایی سەوزایی و پاراستنی ژینگە، كە خزمەتێكی راستەوخۆی ژینگەی كوردستان و دانیشتوانەكەی دەكات. بەتایبەتی لە دۆخی ئێستادا كە ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە، روبەرووی گۆرانكاری خێرای كەش و ھەواو دیاردەی وشكەساڵی و كەمبارانی و كەمئاوی و مەترسی تێكچوونی دۆخی ژینگە و ھاتنی شەپۆلێكی خۆلبارین لە ناوەراست و خواروی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان.