سەرەکی / وتار / کوردی تاراوگە و داکۆکیکردن لە دۆزی کورد

کوردی تاراوگە و داکۆکیکردن لە دۆزی کورد

کوردی تاراوگە و داکۆکیکردن لە دۆزی کورد

سۆزان حەمە تاتە

بارودۆخی كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی وەكو قەوارەیەكی سیاسی دانپێدانراو لەعیراقی فیدڕالدا، لەبەردەم مەترسیی گەورەدایە، دەست تێوەردانی وڵاتان لە هەرێم بووەتە دیاردەیەكی نەرێنیی بەردەوام، جگە لە زیانە گیانی و مادییەكانی كە زۆرن، هاوكات بە ئاشكرا پێشێلكردنی سەروەریی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیەتی.

هەڕەشەکانی ئەو وڵاتانە بۆسەر هەرێمی کوردستان و بەزاندنی سنوور و تۆپبارانی خاكی هەرێمی كوردستان، زیانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆیە لە دۆخێكی وادا گرتنەبەری چەند رێكارێك پێویستە كە من لە سێ خاڵدا كۆیان دەكەمەوە.

یەكەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی یاسایی و بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ دۆستە جیهانییەکانییەوە، گوشار لە وڵاتانی درواسێ بكات بۆ ئەوەی چیتر سنووری خاكی كوردستان نەبەزێنن و بە هیچ شێوە و رێگەیەك ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نەکەن، بەڵكو كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن.

دووەم: رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و شەقامی كوردی بجوڵێن و بچنە بەردەم رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و بە بەڵگەوە پێشێلكارییەكانی ئەوان لە كوردستان روون بكەنەوە.

سێیەم: ژمارەیەكی زۆری رەوەندی كورد لە وڵاتانی دەرەوە هەن، کە ئەو خەڵكانە شارەزا و خاوەن ئەزموون و رۆشنبیر و نووسەر و سیاسی و هەموو جۆرێكی تێدایە، لە جیهانی ئێستا لۆبی زۆر گرنگە، چەندین نموونەی گەورە هەیە، كاریگەریی لۆبی زۆرە و لەسەر هەردوو ئاستی مەدەنی و سیاسی دەتوانرێت گوشاری پێ دروستبكرێت.

شتێك جێگەی سەرنجە ئەویش ئەوەیە بۆچی سەرەڕای بوونی ئەو ژمارە زۆرەی كورد لە وڵاتانی جیهان كەچی تا ئێستا نەتوانراوە لۆبییەكی بەرنامەدار دروستبكرێت و بەهۆیەوە وڵاتان ناچار بكرێن پشتیوانیی لە دۆزی كورد بكەن؟

بابەتی زۆر هەیە لۆبی كوردی ئیشی لەسەر بكات بۆ نموونە جینۆسایدكردنی نەتەوەی كورد لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا لە کۆتایی هەشتاکان، كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە 1988 و چەندین ناوچەی دیكەی كوردستان، هەروەها جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی لە ساڵی 2014، بەتایبەتی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە چەندین پێشمەرگەیان شەهیدكرد و چەندین كەسی بێتاوانیان كردە قوربانی.

لەوانەش گرنگتر مەسەلەی جینۆسایدی ژینگەی كوردستانە كە بەهۆی تۆپبارانكردنی وڵاتانی درواسێ و داعشەوە كراوە. گرنگترین هەنگاو بۆ لابردنی مەترسییەكان لەسەر كورد و هەرێمی كوردستان بنیاتنانی لۆبییەكە لەسەر ئاستی جیهان، بەو مەرجەی دوور بێت لە دەست تێوەردانی حزبیی تەسک، پێویستە لیژنەیەكی باڵای نەتەوەیی لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە لە رێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەو كارە گرنگە بكات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *