سەرەکی / تۆپ ستۆر / نەتەوە یەكگرتووەكان: لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عیراقدا نین

نەتەوە یەكگرتووەكان: لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عیراقدا نین

نەتەوە یەكگرتووەكان: لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عیراقدا نین

دوێنێ لە بەغدا، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی بەست ‌و تیایدا رایگەیاند، كە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاوێكە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی عیراقییەكان ‌و پێویستە لە وادەی خۆیدا بكرێت و ئەوان لەگەڵ دواخستنی پڕۆسەكەدا نین.

عیراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازدایە
جێنین پلاسخارت روونیكردەوە: عیراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازدایە و دەبێت دەنگدەران ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن، دوای هەڵبژاردنیش، قۆناغێكی نوێ لە عیراق دەستپێدەكات.

نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، ئاماژەی بەوەدا: ئەو ئامادەكارییانەی بۆ پڕۆسەكە كراون، ئەوەیە، كە هەموان دەنگی خۆیان بدەن و لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا بۆ عیراقییەكان زۆر گرنگە ‌و وەك نەتەوە یەكگرتووەكانیش، بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی عیراقن ‌و بە وردی چاودێریی هەڵبژاردنەكە دەكەن.

لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نین
نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق ئاماژەی بەوەشكرد: پێویستە هەموولایەك چاودێریی پڕۆسەكە بكەن، بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن گۆڕانكاری بەدیبهێنێت و حكومەتێكی نوێ بێتەكایەوە، وەك نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نین و ئەگەر هەر رێگرییەك لەبەردەم پڕۆسەكەدا هەبێت، دەبێت لاببرێت. وتیشی: دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان یارمەتی دەنگدەران بدەن و ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەرچی بێت، كەشێكی ئارام دروست بكەن، بۆ ئەوەش دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە.

جێنین پلاسخارت ئاماژەی بەوەشدا: هەڵبژاردنەكە ئەلیكترۆنی دەبێت و جێی ساختەكاری تێدا نابێتەوە، تا رۆژی هەڵبژاردنیش هەموو ئامادەكارییەكان تەواو بكرێن و بەبێ كێشە پڕۆسەكە بەڕێوەبچێت. وتیشی: هەڵبژاردنەكە ساختەكاری تێدا ناكرێت و پڕۆسەیەكی پاك و بێگەرد دەبێت، پێویستە بۆ سەرخستنیشی حكومەتی عیراق هەموو پێداویستییەكانی بۆ دابین بكات، ژمارەیەكی زۆر لە چاودێرانی نێودەوڵەتیش هاتوونەتە عیراق، بۆ ئەوەی بە وردی چاودێریی پڕۆسەكە بكەن.

دوای هەڵبژاردن قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات
روونیشیكردەوە: پێنج ئەوەندەی هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2018، ژمارەی چاودێرەكان زیادیكردووە، وێڕای 130 پسپۆڕ ‌و 600 كارمەندی یاریدەدەر، هەروەك داوای لە عیراقییەكان كرد كە بەشداریی فراوانی پڕۆسەكە بكەن ‌و بایكۆتی نەكەن، چونكە جیهان بە وردی چاودێری پڕۆسەكە دەكات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە باوەڕپێكراو و جێگەی متمانەی هەموان بێت.

نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق باسی لەوەشكرد، كە دوای هەڵبژاردن قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات و عیراق پێویستی بە چاكسازییە، بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت، نەك هەڵبژاردن بكرێت و خەڵك هەست بەوە بكەن كە بۆ گۆڕانكاری و بەرەوپێشبردنی وڵاتەكەیان، هەڵبژاردن هیچ ئەنجامێكی نابێت.

بۆ شەرعییەتدان بە هەڵبژاردنەكە
بە مەبەستی گەرەنتیكردنی دروستی ‌و شەرعیەتی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عیراق، كە بڕیارە لە 10ی مانگی داهاتوو بكرێت، یەكێتیی ئەوروپا ‌و نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێری خۆیان دەنێرنە عیراق، بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەكە.

هەر لە كۆنگرەكەدا، جۆزیپ بۆریل كۆمسیاری باڵای سیاسەتی دەرەوە ‌و ئاسایش لە یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند: هەوڵدەدەن بۆ شەرعییەتدان بە هەڵبژاردنەكەی عیراق ‌و ئەو چاودێرە ئەوروپییانەی دەنێردرێن بۆ عیراق، مانگێك پێش پڕۆسەكە لەوێ دەبن ‌و تا مانگێك دوای هەڵبژاردنەكە، لەوێ دەمێننەوە.

سەبارەت بەو لایەنە عیراقییانەی بە هەر هۆكارێك بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە، وتی: هەموان داوای هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام كاتێك رێكدەخرێت، خەڵك دەڵێت ئەو هەڵبژاردنە نەگونجاوە.

دەستدرێژی بۆ سەر بانگەشەكان بە تاوان دادەنرێت
لەلایەكی دیكەوە، جێگری وتەبێژی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاندووە: دەستدرێژی و پەلامار بۆ سەر بانگەشەكان بە تاوان دادەنرێت و تاوانباران رووبەڕووی سزا دەبنەوە، لە نێو سزاكانیشدا، سزای زیندانی بۆ ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێك هەیە، سزای داراییش لە دوو ملیۆن دینار كەمتر و پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نابێت. وتیشی: لە زۆربەی ئەو شوێنانەی بانگەشە دەكرێت، كامێرای چاودێرییان لێ نییە، بۆیە كاندیدەكان خۆیان دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن.

كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی بایكۆتیان كردووە
حەسەن نازم وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقیش، رایگەیاند: لەپێناوی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردندا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو لایەنانە كردووە، كە بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە ‌و كۆبوونەوەكانیش بەردەوامن. وتیشی: حكومەت دەیەوێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت و هەر دەستوەردانێكیش لە پڕۆسەكەدا رەتدەكەنەوە.

لایەنەكانی وەك حزبی شیوعیی عیراق و مینبەری عیراقی و بەرەی دیالۆگی نیشتمانی و چەند لایەنێكی تری سیاسی بایكۆتی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەیان كردووە، پێش ئەوانیش رەوتی سەدر بایكۆتی پڕۆسەكەی كرد، بەڵام دواتر بڕیاریدا بەشداریی لە هەڵبژاردنەكەدا بكات.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *