مامۆستا ئەحمەد هەردی،
ئەحمەد هەردی لە بنەماڵەی بابانەکانە و ناوی ئەحمەد بەگی کوڕی حەسەن بەگی کوڕی عەزیز بەگی کوڕی کەریم بەگزادەیە. لەساڵی ١٩٢٢ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. دایکی لەڕەچەڵەکدا دەچێتەوە سەر بنەماڵەی زەنگەنەکان.
ئەحمەد هەردی تەنیا خوشکێک و برایەکی هەبووە، کە بەداخەوە هەر لە منداڵیدا بەهۆکاری جیاواز گیانیان لەدەست داوە، لەبەرئەوە بە تاقانەیی ماوەتەوە.
-هەردی کاتێک تەمەنی بیست ساڵان دەبێت واتە لە ساڵانی چلەکاندا، دایکی لەبەرهۆکاری نەخۆشی ڕەبوو لەدەست دەدات. باوکی ئەوەندەی هەردی خۆشدەوێت ژن ناهێنتەوە و لەساڵی ١٩٥٨ دا کۆچی دوایی دەکات.
-هەردی خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەی (فەیسەڵیە) و ناوەندیشی لە سلێمانی تەواو کردووە. دواتر لەساڵی ١٩٤١ خانەی مامۆستایانی لە بەغداد تەواو دەکات و لەهەمانساڵدا دەکرێت بە مامۆستای قوتابخانە لە بەرزنجە وهەندێک لە ئاواییەکانی ناوچەی هەورامان، دواتر ماوەیێکی زۆر مامۆستای قوتابخانە سەرەتاییەکانی سلێمانی وەک قوتابخانەی (صلاح الدینی ئەیوبی) بووە.
-لەسەرەتای هەرزەکارییەوە حەزی بەنوسینی هۆنراوە کردوە. سەرەتای ناسینی وەک شاعیرێکی تازەهەڵکەوتووی لاو دەگەڕێتەوە بۆ نوسینی هۆنراوەیەک بۆ سەر گڵکۆی گەنجێکی کورد، کاتێک (کەمالی جەلال سائیب) کە لە ساڵی ١٩٣٨دا لە ڕانیە دەکوژرێت و کەسوکاری کەمالی جوانەمەرگ داوا لە (پیرەمێردی نەمر) دەکەن، کە ئەوکات تەمەنی هەفتا ساڵان دەبێت، هۆنراوەیەک بۆ سەر گلکۆکەی بنوسێت.
هەردیش کە گوێ لەم قسەیە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە هۆنراوەیەک دەنوسێت و بۆ هاوڕێی منداڵێ ئەوکاتی، خوالێخۆش بوو (بەڕێز محمد تۆفیق ئەفەندی، کە بەحەمەوفەنی ناسرابوو و باوکی د. نزار هەمەوەندیە) دەخوێنێتەوە.
ئەمەش هۆنراوەکەیە:
بای ئەجەل ھات و لەناو کاو، دەفتەری ژینی دڕیم
تاکوو دوێنێ خونچە بووم ئەمڕۆ بە ناحەق ھەڵوەریم!
وەک برووسکە نەونەمامێ داڕنێ، وەختی چرۆ
ھات و گوللـەی وێڵ لە ناکاو بێگوناھ جەرگی بڕیم!
خوالێخۆش بوو حەمەوفەنی ئەم هۆنراوەیە بێپرسی هەردی بۆ پیرەمێردی نەمر دەبات وبۆی دەخوێنێتەوە. پێرەمێرد دووجار هۆنراوەکەی پێ دوبارە دەکاتەوە و لێی دەپرسێت ئەمە کێ نوسیویەتی، ئەویش دەڵێت (ئەحمەدی هاوڕێم!) پیرەمێردی نەمر شیعرەکە پەسەند دەکات و دەفەرموێت، چیتر بە پێویستی نازانم من هۆنراوەی بۆ بنوسم! با ئەم هۆنراوەیە لەسەر گڵکۆکەی کەمالی جوانەمەرگ بنووسرێت!
-بەمشێوەیە ئەم کورتە هۆنراوەیە لەساڵی١٩٣٨دا لەکاتێک تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ بووە دەنگدەداتەوە و هەرئەوکاتیش نازناوی (هەردی) بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت و لەوکاتەوە بە ئەحمەد هەردی دەناسرێت.
-لەساڵانی چلەکەندا ئەوکات (حیزبی شیوعی-کوردستان، عێراق) دادەمزرێت، ئەمیش وەک زۆرلە گەنجانی ئەو سەردەمە پەیوەندی بەوحیزبەوە دەکات و بیری مارکسیزم و چینایەیی بەسەرشیعرەکانیدا زاڵ دەبێت. هۆنراوەی ئازادیخوا دەنگدانەوەیەکی باش دەداتەوە و حیزبی شیوعی-کوردستان ئەم شیعرەیان لەکوردستان، کردبوو بە سروودی ڕەسمی خۆیان.
-لەساڵی ١٩٤٧ دا کاتێک چوارئەفسەری جوامێری کورد، لەسێدارە دەدرێن، کە بریتی بوون لە شەهیدان (خەیروڵڵا عەبدولکەریم، مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی و عیزەت عەبدولعەزیز) هەردی بەو بۆنەیەوە هۆنراوەیەک دەنووسێت کەدواتر بەهۆی ئەو هۆنراوەیەوە بۆماوەی چوارساڵ تا ساڵی ١٩٥٢ لەسەرکار دووردەخرێتەوە.
– جگە لەم دوورخستنەوەیە لەسەرکار، هەر لە سەرەتای ساڵی پەنجاکانیشدا لەسەردەمی پاشایەتی عێراقدا، لەکاتێکدا وازی لە (حیزبی شیوعی) هێنابوو، حکومەتی ئەوسەردەمانەی عێڕاق، داوای لێدەکات کە پاکانەیەک بنووسێت بۆ ئەوەی کەوازی لە حیزبی شیوعی هێناوە! لەگەڵ ئەوەی بەڕاستی وازی لە حیزبی شیوعی و بیرۆکەی مارکسیزم هێنابوو، بەڵام ئامادە نابێت پاکانە بۆ حکومەتی عێراقی بنووسێت و لەسەر ئەوە زیندانی دەکرێت و دوور دەخرێتەوە (تبعید دەکرێت) بۆشاری (علي الغربي) کەسەر بە پارێزگای میسانە.
ئەوسەردەمە بیریی نەتەوەیی کە تازە ڕیشەی لە هزر و بیریدا داکووتابوو، لە (علي الغربي) پترگەشە دەکات ولەوێ دەکەوێتە خوێندنەوەی کتێبەکانی (ساطع الحصري) کە بیرمەند و نوسەرێکی عەرەبی دانیشتووی سوریا دەبێت و یەکێکە لە ڕەمزی دامەزراندنی (بیرۆکەی نەتەوەیی عەرەب).
-ئەوجا هەردی لەساڵی ١٩٥٤ بەدواوە دا لە بیریی مارکسییەوە بەتەواوی ڕوودەکاتەوە بیریی نەتەوەیی باوەڕ بەوە دەهێنێت کە گرفتی کورد چینایەتی نیە و بەڵکو نەتەوەییە و دواتر لەگەڵ هاوڕێکانی وەک مامۆستا جەمال نەبەز و عبداللە جەوهەردا (کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد /کاژیک) دادەمەزرێنێت.
-لەگەڵ ئەو نەهامەتیانەی بەسەریدا دێت، وەک لەسەرکار لابردن و دوورخستنەوە و زیندانی کردن، هەردی لە شیعرنووسین ناکەوێت ولەگەڵ هۆنراوە نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەریەکانیدا هۆنراوەی دڵداری و خۆشەویستی دەنوسێت، کە زۆرجار لەناو هۆنراوەکانیدا، جیاوازیی چینایەتی ڕەنگی داوەتەوە. یەکێک لەبەناوبانگترین هۆنراوەکای (چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتمە) یە کەهەر زوو بەدوو ئاوازی جوان وجیاواز بەدەنگی هەردوو هونەرمەندی گەورەی کورد (مامۆستا عەلی مەردان و مامۆستا ئیبراهیم خەیات) دەکرێت بە گۆرانی.
ئەمەش چەند کۆپلەیەک لەو هۆنراوەیە:
فاتمه ! دوو چاوی مهستت، پڕ تهلیسمی جوانییه
پڕ شهرابی خۆشهویستی و ئارهقی یهزدانییه،
بهژن و باڵاكهت نموونهی ههیكهلی یۆنانییه،
لار و لهنجهت مۆسیقایه، بهستهیه، گۆرانییه
بووكی ڕازاوهی خهیاڵم ، گیانهكهم ست فاتمه !
تاقه پڕشنگێكی چاوت ئهوپهڕی ئاواتمه..
گهرچی دڵداری له خاكی ئێمهدا ئهفسانهیه
ههر به تهنیا بۆ كوڕی خاوهن تهلار و عانهیه
گیانهكهم ! ئهمما دڵی من لهو دڵه شێتانهیه
بێ ئهوهی هیچ شك بهرێ، كوژراوی ئهو چاوانهیه
ههر به تهنیا خۆشهویستی شك ئهبهم، ست فاتمه !
سهروهتم ناوێ، بزهی تۆ، ئهوپهڕی ئاواتمه ..
تا ئەوڕۆژەی دواماڵئاویی لە ژیان کرد ئامادە نەبوو ناوی ئەو خانمەی کە خۆشی دەویست و ئەم هۆنراوەی بۆ هەڵبەستبوو، بدرکێنێت. گەر زۆریشمان لێبکردایە، ئەم دێڕە شیعرەی بۆ دەووتین:
قەت بەدڵڕەق باست ناکەم، نایزڕێنم ناوەکەت!
هەردی زۆربەی هۆنراوەکانی کراوون بەگۆرانی وەک ( چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتمە خهرمانه، تانگۆی كوردی، دڵێكی تێكشكاو، پهیامی یار، چاوهڕوانی بێهووده، ڕازی تەنیایی، دووچەشن دڵداری،…)
کۆپلەیەک لە چاوەڕوانی بێهودە:
سهرنجی ڕێ ئهدهم ، ڕێگا، ههموو شێوهی ئهوی تیایه
وهكوو دنیا له ناو جوانی ئهوا توابێتهوه… وایه
شنهی با، باسی جوانی ئهو به گوێی مندا ئهچرپێنێ
ههموو دهركهوتنی شۆخێ، دڵی من دا ئهخورپێنێ
بهڵام خورپهی تهواوی دڵ له گهڵ ههنگاوی ئهو دایه
كه سهرتاپا له ئاوازی بهههشتی خواوه … پهیدایه
-لەساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بەشۆڕشی ئەیلولەوە دەکات و لەساڵی ١٩٦٥ دا لە (کوردستانی ڕۆژهەڵات/ سەردەشت) لەلایەن دەستگای پاراستنی ئەوسای شای ئێرانەوە (ساواک) دەستگیر دەکرێت. کەلە زیندان بەردەبێت دەگەڕێتەوە کوردستانی باشور ولە (ئاوەکورتی) جێنشین دەبێت و هەرلەوێ ڕێبینی کوڕی لەدایک دەبێت.
هەردی وەک دایکی هەرلەمنداڵیەوە لەگەڵ هەناسەسواری و ڕەبودا و لەململانێکی سەختدا بوو هەر لەبەر هەمان هۆکار لەساڵی ١٩٦٩ دەگەڕێتەوە سلێمانی (دوای ئەوەی حکومەتی عێڕاق لێبوردنێکی گشتی) دەردەکات. ئەوکات ئەوەندە هیلاک دەبێت کەکەس بەتەمای مانی نابێت.
-ساڵی ١٩٧٣-١٩٧٤ لە زانکۆی سلێمانی لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی، وەک وانەبێژێی دەرەکی وانەی (ڕەخنەی ئەدەبی) دەڵێتەوە.
-ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشدا، پەیوەندی بە ڕێزەکانی شۆڕشەوە دەکات. -ساڵی ١٩٧٥ لەدوای نسکۆی شۆڕشدا، لەگەڵ خێزانەکەیدا لەئێران دەمێنێتەوە و ماڵیان لەنەغەدەوە وەک پەناهێندەی سیاسی بۆ شاری کەرەج دەگوێزریتەوە . ساڵی ١٩٧٩ لەدوای لێبوردنێکی گشتی ئەوسەردەمەی حکومەتی عێڕاق، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.
-ساڵی ١٩٨١ لە سلێمانی دوای چل ساڵ خزمەتی مامۆستایی خانەشین دەکرێت.
-هەر لەوسەردەمەوە دەکەوێتە پەروەردەکردنی منداڵەکانی بەبیرۆکەی نەتەوەیی، ڕۆژانە چەندکاتژمێرێک لەکاتی خۆی دەدات بەمنداڵەکانی بۆئەو مەبەستە. هەربۆیەش کوڕەکانی (ڕێبین و ئاسۆس) لەسەرەتای گەنجێتیانەوە پەیوەندی بە خانە نهێنیەکانی (پارتی سۆشیالیستی کورد/ پاسۆک) لە سلێمانی دەکەن و بەنهێنی کاردەکەن.
-ساڵی ١٩٨٣ دوو هۆنراوەی بەناوی (تەپڵی بەتاڵ و دڵێکی تێکشکاو و دوو چەشن دڵداری) پاش نزیکی پتر لە ٢٠ ساڵ تەواو دەکات و دیوانی (ڕازی تەنیایی) بۆجاری دووهەم چاپ دەکاتەوە.
-لە ساڵی ١٩٨٨ لەکاتێکدا (ئاسۆس و ڕیبین) پێشمەرگەی پاسۆک دەبن، جارێکیتر پەیوەندی بەڕێزەکانی شۆڕشی نوێ گەلەکەمانەوە دەکات و دەبێتە سکرتێری (پارتی سۆشیالیستی کورد/ پاسۆک). ساڵی ١٩٨٩ دا لە پاسۆک دەستلەکار دەکێشێتەوە و بەڵام لە ڕێزی شۆرش و گەل دەمێنێتەوە تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١.
-ساڵی ١٩٩٢ وەک پەناهەندە دەچێتە ئەوروپا و لە لەندەن جێگیر دەبێت و مافی پەناهەندەی سیاسی وەردەگرێت. لە ئەوروپا دەتوانێت کتێبی (کێشی عروز لە شیعری کوردیدا )تەواو بکات.
-ساڵی ٢٠٠٤ دوای ئازادکردنی عێراق بۆیەکجاریی دەگەڕێتەوە زێدی باو و باپیرانی و لەسلێمانی لەماڵەکەی خۆی نیشتەجێ دەبێت. بەداخەوە لە ٢٩/١٠/ ٢٠٠٦ بەهۆی نەخۆشیەوە لەماڵەکەی لەشاری سلێمانی بۆ هەمیشە چاوی لێکنا و کۆچی دوایی کرد.
لەدوای خۆی چەپکێک هۆنراوەی کەم و پوختی بۆ میللەتەکەی بەجێهێشت. چاپی یەکەمی (دیوانی ڕازی تەنیایی) لەساڵی ١٩٥٧ لەسەر ئەرکی خوالێخۆشبوو (مارف خەزنەدار) و چاپی دووهەمیشی ساڵی ١٩٨٤ لەسەرئەرکی (چاپخانەی سلێمانی) لەچاپ دەدرێت.
هەردی وەک باسمان کرد لەپاڵ شیعرنووسیندا خەریکی سیاسەت بووە جگە لە (ڕازی تەنیایی) کتێبی (وەزنی عروز لە شیعری کوردیدا) بۆ کتێبخانەی کوردی بەجێدەهێڵێت.
ژیانی خێزانی:
-ئەحمەد هەردی ساڵی ١٩٥٤ لە سلێمانی هاوسەرگیرری لەگەڵ (سعدیە کریم محمود) کردوە کە لە شێخەکانی بەرزنجەیە و دانیشتووی سابونکەران بوون. بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرریە ١٠ منداڵ بووە. نۆبەرەکەیان بەناوی دارا ئەحمەد هەردی لەتەمەنی ٨ ساڵیدا بە کارەبا کۆچی دوایی دەکات، دوومنداڵیتریشی لە ساواییدا کۆچی دوایی دەکەن. ئێستا خاوەنی چوارکچ و سێ کوڕە بەناوەکانی لەگەورەوە بۆبچوک (چلورە، سەیوان، ئەردەڵان، ڕێزان، ئاسۆس، ڕێبین و چۆمان).
-هەردی لەسەر داواکاری خۆی بەشێوەیەکی سادە لە گردی سەیوان نێژراوە. هەزار سڵاو لەگیانی پاکی هەردی مامۆستا و گشت ڕوناکبیر و شاعیر و ڕۆشنبیریی گەلەکەمان.
ئەمەش دوو کۆپلە لە هۆنراوەی (ڕازی تەنیایی)یە کەلە دڵی هەردیەوە نزیک بووە و کتێبی (ڕازی تەنیایی بەو ناوەوە ناو ناوە) پێشکەشە بە ئێوەی خۆشەویست و بەڕێز.
ڕازی تهنیایی
ژیان و ئهركی ناخۆشی پهپوولهی ئارهزووی كوشتم
شهرابی جامی دڵداری له تافی لاوییا ، ڕشتم !
تهمی ڕۆژانی پڕ مهینهت وهها تاریك و چڵكن بوو
نیگاری خۆشهویستی دڵ ، پهری ئاسا، تێیا ون بوو !
شهوی تهنیایی، ڕووناكی چرای ئاواتی ، خنكاندم
دهسی ناكامی ، ئاوازهی دهروونی كهیلی تاساندم
ئهوا ئێستا لهگهڵ زامی ،
دهروونی پڕ له ناكامی
ئهپێوم چۆڵی سهرسامی
له تهنیایی شهوی ژینا، ئهنێم ههنگاوی كوێرانه !
نی یه دهستێ دهرم بێنێ له ناو ئهم گۆڕه وێرانه
نی یه جوانێ، سهری كاسم بنێمه سهر دڵی نهرمی !
كه هیلاكی لهشم دهركا خهوی سهر باوهشی گهرمی
ئهگێڕم چاوی بێ تینم به تاریكی شهوا، سهرسام
نی یه پڕشنگی دوو چاوی ، كه ڕووناكی بكا، ڕێگام !
به غهیهری باڵی خهمناكی،
شهوی پڕ ترس و سامناكی !
نییه یهك تۆزه ڕووناكی !!
سلێمانی ١٩٥١
نوسین و ئامادەکردنی
د. ڕێزان ئەحمەد هەردی
٢٥/٥/٢٠٢١