سەرەکی / تۆپ ستۆر / بەرزی پەستانی خوێن

بەرزی پەستانی خوێن

🔴 بەرزی پەستانی خوێن ( زەخت ) .
( Hypertension disease )

🔵 هەموو شتێک دەربارەی نەخۆشی زەخت‼
🔵 هۆکارەکانی تووش بوون بە زەخت ‼
🔵 ڕێنمای و چارەسەر کردن ‼
🔵 هەموو گروپی دەرمانەکان کە بۆی بەکاردێ ‼

ئامادەکردنی محمد ئەحمەد

✔ بەرزی پەستانی خوێن ( Hypertension ) :- بریتیە لە بەرزبوونەوەی پەستان لە خوێنبەرەکاندا .

خوێنبەرەکان :- ئەو بۆڕیچەکانەی کە خوێن لە دڵەوە دەگوێزنەوە بۆ خانە و شانەکانی لەش .

بەرزی پەستانی خوێن شتێکی زۆر بڵاوەو نەخۆشیەکی درێژ خایەنە لە سەرانسەری جیهاندا.

لەوانەیە کەسێک بەرزی پەستانی خوێنی هەبێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی هەبێت بەڵام ئەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێن یان هەیە و چارەسەر وەرناگرن یان بە شێوەیەکی نا ڕێک وپێک چارەسەر وەردەگرن ئەوا دوای چەندین ساڵ ئەگەری تووشبونیان بە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی دەماغ هەیە.
بەرزی پەستانی خوێن دوای چەندین ساڵ دروست دەبێت لە زۆربەی خەڵکیدا دروست دەبێت، بەڵام خۆشبەختانە بە ئاسانی دەست نیشان دەکرێت، هەر کە زانیت بەرزە پەستانی خوێنت هەیە پێویستە پابەند بیت بە ڕێنمایەکانی پزیشکەکەت.

✔ بەرزی پەستانی خوێن ( Hypertension ):- بەشێوەیەکی ئاسایی بریتیە لە جیاوازی پەستانی نێوان ئەو خوێنەی دڵ پاڵی پێوە دەنێت ( Systolic ) و ئەو هێزەی لە دیواری خوێنبەرەکاندا ڕووبەڕووی ئەو پەستانی خوێنە دەبێتەوە ( Distolic ).

پەستانی خوێن : بە ئامێرێک دەپێورێت پێی دەوترێت ( Sphygmomanometer ) وە بە یەکەی ( ملم/ جیوە ) دەپێورێت.
Systolic = 120
Diastolic = 80
واتە : 120/80 بە کوردیەکەی خومان واتە 12 لەسەر 8

بەرزی پەستانی خوێن :- ئەگەر Systolic لە 140 زیاتر بێت و Diastolic لە 90 زیاتر بێت.

🔴 نیشانەکانی بەرزی پەستانی خوێن:
زۆربەی ئەو کەسانەی بەرزە پەستانی خوێنیان هەیە هیچ نیشانەیەکیان نیە لە کاتێکدا کە پەستانی خوێنیان زۆر بەرزە ، هەرچەندە هەندێک کەس کە پەستانی خوێنیان زۆر بەرزە تووشی ئەم حاڵەتانە دەبن :

① سەر ئێشە.
② خوێن بەربوونی لووت.
③ هەست کردن بە گێژبوون و بێهێزی.
④ تەنگە نەفەسی .
⑤ دڵتێکەلهاتن .

🔴 هۆکارەکانی بەرزی پەستانی خوێن :

دوو جۆرە بەرزە پەستانی خوێن هەیە:

① بەرزە پەستانی خوێنی سەرەتایی ( primary hypertension ) :- ئەم جۆرەیان 95 % حاڵەتەکانی بەرزە پەستانی خوێنە ئەم جۆرەیان لە بەرزە پەستانی خوێن تا ئێستا هۆکارێکی دیاریکراوی نیە کە دروستی بکات، بەڵکوو ووردە ووردە بە تێپەڕبوونی ساڵ دروست دەبێت.

② بەرزە پەستانی خوێنی دووەمی ( secondary hypertension ) :- ئەم جۆرەیان 95% حاڵەتەکانی بەرزە پەستانی خوێنە ئەم جۆرە لە بەرزە پەستانی خوێن بەهۆی هەندێک نەخۆشی دیکەوە دروست دەبێت، وە ئەم جۆرە لە بەرزە پەستانی خوێن لە پڕ دروست دەبێت.

✅ ئەمانەی خوارەوەش هەندێکن لەو نەخۆشیانەی کە دەبنە هۆی دروست بوونی ئەم جۆرە لە بەرزە پەستانی خوێن:

① کێشەی گورچیلەکان.
② گرێی سەر ڕژێنەکانی سەر گورچیلە.
③ ئەو کەسانەی نەخۆشی سکماکی بۆڕیەکانی خوێنیان هەیە.
④ هەندێک دەرمانی وەک: حەبی مەنع، کۆکاین، ئەمفیتامین.

هۆکارەکانی تووش بوون بە بەرزی پەستانی خوێن:

① تەمەن : بەرزی پەستانی خوێن لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا زیاد دەبێت ( لە ئافرەتدا لە دوای نەمانی سووڕی مانگانە واتە دوای ئەوەی ئافرەت دەگاتە ئەو تەمەنەی کە سوڕی مانانەی نامێنێت).

② ڕەچەڵەک : بەرزی پەستانی خوێن زیاتر لە ڕەش پێستەکاندا هەیە بە بەراورد بە سپی پێست.

③ بوونی بەرزی پەستانی خوێن لە خێزانەکەیدا.
ئەو کەسانەی بەرزی پەستانی خوێن لە باوک و باپیران و دایک و داپیریان هەیە زیاتر تووش دەبن وەک لەو کەسانەی کە بەرزی پەستانی خوێن لە خێزانەکانیان نیە.

④ قەڵەوی و کێش زۆری.

⑤ ئەو کەسانەی ناچالاکن و وەرزش ناکەن و ناجوڵێن.

⑥ جگەر کێشان.

⑦ خواردنی سوێر .

⑧ ئەو کەسانەی لە خواردنیان بڕی پێویست پۆتاسیوم وەرناگرن.

⑨ ئەو کەسانەی لە خواردنیان بڕی پێویست ڤیتامین D وەرناگرن.

⑩ خواردنەوەی ئەلکهول .

11- بوونی سترێس و قەلەقی .

12- زیادبوونی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە لەشدا، نەخۆشی شەکرە ، نەخۆشی گورچیلە.

تێبینی/ هەندێک جار لە کاتی سکپڕیش بەرزی پەستانی خوێن دروست دەبێت.
بەرزی پەستانی خوێن زیاتر تووشی گەورە دەبێت ، بەڵام لەوانەشە لە منداڵدا ڕووبدات بەهۆی نەخۆشی گورچیلە و دڵەوە.

ڕێژەی ئاسایی بەرزی پەستانی خوێن :
① 130/80 mmGH
② 120/80 mmGh
③ 110/70 mmGh

بۆ ئافرەتی دووگیان 140/80 بۆ 90/60 بە ڕێژەی ئاسایی دادەنرێت

🔴 چارەسەرکردنی بەرزی پەستانی خوێن و کۆنتڕۆل کردنی :

گۆڕانکاری لە ستایلی ژیان بەرگری دەکات لە بەرزبونەوەی پەستانی خوێن و ڕێکی دەخات، ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانە :

① خواردنێکی تەندروست : بەخواردنی میوە ، سەوزە ، کەمکردنەوەی خواردنی سوێر ، کەمکردنەوەی خواردنی چەور.

② کەمرکدنەوەی کێشی لەش : بە کەمکردنەوەی بۆ نمونە ‌‌۳ کیلۆ پەستانی خوێن دا دەبەزێت.

③ وەرزش و جوڵان : ڕۆژانە نیو کاتژمێر وەرزش و چالاکی پەستانی خوێن کەم دەکات.

④ دوورکەوتنەوە لە ئەلکهول : چوونکە پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە .

⑤ وازهێنان لە جگەرکێشان: چوونکە ماددە کیمیاویەکانی ناو جگەرە دیواری خوێنبەرەکان تێکدەشکێنێت و تەسکی دەکاتەوە پەستانی خوێن زیاد دەکات .

⑥ هەوڵبدە سترێس و قەلەق کەم بکەیتەوە لەسەر مێشکت.

⑦ ئیسراحەت کردن.

⑧ بەکارهێنانی دەرمانەکان و بەڕێک و پێکی خواردنی لە کاتی خۆیدا.

⑨ سێ مانگ جارێک سەردانی پزیشکی خۆت بۆ ئاگادار بوون لە تەندروستیت.

⑩ هەبوونی ئامێری پێوانەکردنی بەرزی پەستانی خوێن لە ماڵەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *