سەرەکی / تۆپ ستۆر / ماراسۆن بۆ دەباشان

ماراسۆن بۆ دەباشان

ماراسۆن بۆ دەباشان
ژوان سەعید

لەوەتەی بافڵ تاڵەبانی جوڵەكانی دەستپێكردوەو لاهور شێخ جەنگی كەنارگیركردوە، ماراسۆنێكی عەجیب دەستیپێكردوە ڕوەو دەباشان، لەم ماراسۆنەدا چەندینجۆر پێشبڕكێ دەبینین:

ـ كادر هەیە دەستی توشی تەشەنوج بوە ئەوەندە وێنەی كاك لاهوری سڕیوەتەوەو بەشەرمەوە وێنەی مام جەلال دادەنێت.
– ئەندامی سەركردایەتی هەیە، سەعات 3ی شەو ڕۆیشتوە بۆ دەباشان بۆ ئەوەی كاك بافڵ ببینێت‌و بڵێ من لەگەڵ تۆم‌و ئەوەی پێشوو ڕاستنەبوم كە كۆیلەو دەستەپاچەی بەردەمی كاك لاهور بوم.
ـ ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەیە سەعات دووی شەو نۆرەی بەركەوتوە تا بەیعەت بدات بەدڵسۆزی بۆ ماڵی مام جەلال‌و پەشیمانبونەوە لەوەی كە شوێن كاك لاهور كەوتوە.

پەند:
گرنگە هەردوو كاك (بافڵ‌و لاهور) تێبگەن كۆنگرەی چوارەم چ كارەساتێك بوو بۆ ئەم حزبە، كارەساتێك كە هیچ لەشەڕی حزبە ڕكابەرەكان بەیەكێتی نەكردوە.
ـ تێبگەن چ كادرو كەسانێكیان بردۆتە سەركردایەتی كە بایی پوشێك وەلائیان بۆ شكۆی خۆیان نییە ئیتر بۆ ئەوان چۆن ئەیانبێ.
ـ گرنگە بافڵ تاڵەبانی درك بكات، ئەو كادرو سەركردانەی دێن بەیعەتی پێدەكەن، چۆن لاهورو خۆیشیان فرۆشت، سبەی بەنرخێك زیاتر بافڵ‌و خۆیشیان دەفرۆشنەوە.

گرنگە بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی تێبگەن:
ـ خەڵك چاكسازیی‌و ڕێكخستنەوەی ئیدارەی سلێمانی‌و زۆنی سەوزی دەوێت، دەیەوێ ژیان لەم ناوچەیە ئاسایی بێتەوە، ئەگەر ئەوەبكەن ئەوا یەكێتیش دەبوژێتەوە، ئەگەرنا نەك لاهور شێخ جەنگی، بگرە تەواوی 124 سەركردایەتیەكە (بەداخەوە ناویان سەركردایەتییەو هەندێكیان تەنانەت هی مەیتەری‌و حاشیەش نین) لاببرێن هیچ گرنگ نیە، چونكە لەبنەرەتدا بەشێك لەو سەركردایەتییە پەشم‌و پەڵەی گەورەیان هەیەو هی ئەوە نەبون بكرێن بەكادری ئاساییش، بەڵام ڕوی تەكەتول‌و پارەو ساختەكاری ڕەش بێت ئەوان سەردەخات‌و كەسانی پاك وەلا دەخات.

چاوەروانین بزانین: بافڵ تاڵەبانی تەنها خۆی دەكات بەژمارە یەك، یاخود یەكێتی دەباتەوە سەر ڕێگەیەكی تەندروست‌و خۆیشی شانازی تۆماردەكات ئەگەر پلە یەكیش نەبێت، بەڵام دەبێت سەرەتا ئەوە بزانێت، بەشدارانی ماراسۆنەكەی دەباشان، تەنها گیرفانیان هەیەو لەمێژە مەبدەئیان گۆڕیوەتەوە بەمەبلەغ‌و سودیان بۆ خۆیان نەبێ بۆ كەسیان نییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *