سەرەکی / ئەدەب / بە بەفری تۆ، رەنوو ژینی درێژە شیعر

بە بەفری تۆ، رەنوو ژینی درێژە شیعر

بە بەفری تۆ، ڕەنوو ژینی درێژە
لە ڕێم عەتری هەناسانت بڕێژە
کە هەستی خۆم لەسەر سینگت نەنووسی
لە سینگمدا، ئەتۆ (تاک)ی، لەمێژە
★ ★ ★ ★
گوڵاڵەی گەش؛ بکە پێناسی بوونت
بە دەرکەوتنت دنیا دەبێتە گوڵزار
لە دڵدا پڕ شکۆیە دیمەنی تۆ
ئەتۆی جوانی، ئەتۆی ژین و ئەتۆی وار…
★ ★ ★ ★
دەبێ کەنگێ لەسەر سینەت پشوو دەم؟
بەفر داکا، بەسەر تەندووری دڵدا
سپیپۆش کە، هەموو دنیا، بەجارێ
کە دەرکەوتی، خەم بنێژرێن لە گڵدا
★ ★ ★ ★
خەیاڵی من کوێستانڕێژە، سەراپای
هەموو خەونێکیشم پڕ لە بنارە
ئەمن گیانم کلووی بەفرە (بە پاکی)
هەموو ساتێ کانی و مێرگم هەوارە

جەوهەر ئەحمەد
گوێزیلە ٢٢-٧-٢٠٢١

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *