سەرەکی / ئەدەب / ئەرستۆ باسی سێ جۆر هاورێیەتی دەکات

ئەرستۆ باسی سێ جۆر هاورێیەتی دەکات

ئەرستۆ باسی سێ جۆری هاوڕێیەتی دەکات؛
هاوڕێیەتیی بەرژەوەندیی مادی، لە هاوڕێیەتی لەسەر هاوبەشێتیی بزنسەوە بگرە بۆ هاوڕێبون لەگەڵ ئەو کەسەی سەیارەکەت یا پرینتەرەکەت بۆ چاک دەکاتەوە لە کاتی تێکچونیان.
هاوڕێیەتیی خۆشی، بۆ نمونە هەندێک هاوڕێت هەن تەنها هی یاریین، یان لە زانکۆ زۆر هاوڕێ دەناسی و بەیەکەوە ئاهەنگ دەگێڕن و دەخۆن و دەخۆنەوە، بەڵام زانکۆ تەواوبو مەگەر بەسودفە، ئەگەرنا یەکتر نابیننەوە.
هاوڕێیەتیی لەسەر بنەمای چاکە، فەزیلەت، بەهاکان. ئەو جۆری هاوڕێیەتییە باشترینیانە، کاتی دەوێ بۆ دروستکردنی، زۆریش دەمێنێتەوە. واتا، ئەو هاوڕێیەتییە لەسەر بنەمای چاکە و تێگەییشتن و بەها باڵاکان و فەزیلەت\ڤێرچوە، لەسەر بنەمای رێز و پێسەرسامبونی هاوبەشە. لە هەبونی یەکتردا هێز وەردەگرن. ئامادەییت تێدایە هەمو لاوازییەکانی خۆت، ناوەوەی خۆت لەگەڵیدا پارڤە بکەیت، هێشتا هێزی لێ وەردەگریت، ئەویش لە هەرشتێکدا حوکمت بەسەردا نادات، خاڵە لاوازەکانت دژت بەکارناهێنێت، ئامانجەکان و بەهاکان زۆر زۆر گەورەن و لای هەردوکیان خۆشەویستن.
هیچ لەو جۆرانەی سەرەوەی هاوڕێیەتیی خراپ نین، بەڵام باشترینیان جۆری سێیەمە. ئەگەر لە جۆری سێیەم هاوڕێت هەن، نیعمەتێکی خواییییە و دەستی پێوە بگرە، ئەگەرنا هەوڵی بۆ بدە، شایانی هەوڵ-بۆ-دانە.
لە کاری سیاسییشدا، وشەی کۆمرێید، هاوڕێ، هەڤاڵمان بەرگوێ دەکەوێت. هاوڕێبازبون و هەڤاڵبون پلە هەرە باڵاکەی ژیانی سیاسییە، ئەگەر ئەو هاوڕێبازبونە لە کاری سیاسییدا نەبو، ئەگەر رێبازەکەش لەپێناو ئینسانییەت و فەزیلەت و چاکە نەبو، ئەگەر هاوفیکرییەکی توندوتۆڵ نەبو کە هەردولا بە گیان خۆشیاننەوێ و بە دڵ و مێشک لێی تێنەگەن، مەحکومە بە شکست، مەحکومە بە روخان، مەحکومە بە کۆتایییەکی تراجیدیی.

kamal chomani

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *