سەرەکی / چاوپێکەوتن / چاوپێکەوتنی سەرتیپ جەوهەر ، لەگەڵ فۆزا یوسف

چاوپێکەوتنی سەرتیپ جەوهەر ، لەگەڵ فۆزا یوسف

فۆزا یوسف:
– ئەمریكاو روسیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لێرەن، نەك بۆ پاراستنی خەڵكی سوریا
– ئێمە نامانەوێ‌ ببینە بەشێك لەململانێی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان
– پرۆژەی ئێمە رێڤەبەری خۆسەرەو پرۆژەی دیكەمان نەبووە
.
.
.

لەبەردەوامیی زنجیرە باسی رۆژئاوای كوردستان، گفتوگۆیەكی كراوەمان لەگەڵ فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی جێبەجێكردنی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكرات (تەڤدەم) كردووە و لەوبارەیەشەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە.

لەسەرەتاوە فۆزا دەڵێت بەردەوام پەیوەندیمان لەگەڵ رژێمدا هەبووە و گفتوگۆمان كردووە، بەڵام رژێم واقیعی نوێی سوریای قبووڵ نییە و چارەسەرییەكان رەتدەكاتەوە، هەروەها وتی: ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێك لە ململانێی نێوان روسیاو ئەمریكاو ناوچەكە و دانیش دەنێت بەوەی کە هەر لەسەرەتاوە یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوكاریی كردوون و باسیش لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەکات.

*رۆژئاوا بەرەو كوێ؟

-لەماوەی هەشت ساڵی رابردوو بەگرتنەبەری بەرنامەی هێڵی سێیەم یان ئاراستەی سێیەم لە ناوچەكانی خۆمان، ئەزموونێكی نوێمان پێشكەشكرد، چ لەسەر ئاستی سوریا یان بەراورد بە كوردستان بەگشتیی. دەتوانین بڵێین ئەزموونەكەمان جیاوازیشە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەروەك دەتوانین بڵێین سەركەوتوو بووە و كاریگەریی زۆرمان هەبووە لەسەر سوریای عەرەبیش.

خۆتان دەزانن ململانێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە هەیە، بێگومان كاریگەریی لەسەر هەرێمەكەی ئێمەش هەبووە.

دەمەوێ‌ بڵێم پڕۆژەی رێڤەبەری خۆسەر نموونەی دیموكراسییە. رەنگە ئەوە مایەی ترس بێت بۆ هەندێک لایەن، لەوانەیە ئێمە گرفتی مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی دیكەمان چارەكردبێت، بۆیە رەنگە لێمان بترسن و ئەزموونەكە جێی ترس بێت بۆ هەندێک لایەن و وڵات، چونكە دۆزی كورد بە تەنها لە سوریا نییە، بەڵكو لە ناوچەكە و هەرێمەكە هەیە، بۆیە هەندێک وڵات لە ناوچەكە هەست بە ترس دەكەن. هەروەك سیستمی حوكمڕانی لێرە دیموكراتییە و ئەو ئەزموونە نموونەیەكی نوێیە بەراورد بە رژێم و سیستمەكانی ناوچەكە كە دیكتاتۆرین، لەهەمان كاتدا رێڤەبەریی خۆسەر، وەڵام و چارەسەرێكی گونجاوی بارودۆخی ئێستایە.

*رژێمی سوریا تێگەیشتنی هەیە بۆ واقعی ئێستای رۆژئاوای كوردستان؟ یان پێیدەكرێت ئەو واقعە قەبوڵ بكات؟

-بەداخەوە نەك تەنها ئەو بارۆدخەی باكووری خۆرهەڵاتی سوریای قبووڵ نەبووە كە پێكهاتەی كورد و عەرەب و سریان و هەموو رەنگەكان بە تایبەتمەندیی خۆیانەوە بەیەكەوە دەژین، بەڵكو لەماوەی هەشت ساڵی رابردوو ئەو گۆڕانەشی روویداوە لەلایەن رژێمی سوریاوە قبووڵ نەكراوە، واتە پێیان ناكرێت لەو واقعە تێبگەن، لەوانەیە ئەوە گرێیە گەورەكە بێت كە بەدەستییەوە گیرۆدەبوون، چونكە لەماوەی ئەو 8 ساڵەدا سوریا بەگۆڕانی گرنگ و گەورەدا تێپەڕیووە، چ لەباری سیاسی چ ئابووریی چ سەربازیی و تەنانەت كەلتوریی. تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە لەدەرەوە دەژین و هیچیان بەدەستەوە نییە، ئەوانیش ئەو واقیعە قبووڵ ناكەن و پێیانناكرێت هەرسی بكەن، هەروەك رژێمی سوریاش بیردەكەنەوە.

*پڕۆژەی كورد بۆ ئەو بارودۆخە نوێیە چییە؟ یان هەر لەڕاستیدا كورد پڕۆژەی هەیە؟

-بەڵێ بێگومان كورد پڕۆژەی هەیە، ئەو رێڤەبەرییەی هەیە شێوازێكە بۆ خۆبەڕێوبەریی و بووە سەرەتای گۆڕانەكان لە سوریا و ناوچەكە، ئەوە شێوەیەك بوو لە سوریا كورد گرتییەبەر.

بێگومان ئەو ئەزموونە سەرەتا تەنها لەناوچە كوردنشینەكان بوو، دواتر كە ناوچەكانی دیكەی باشوور و شارەكانی دیكە لەدەست داعش و تیرۆرستان رزگاركرا، لەوێش ئەزموونەكە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە و رێڤەبەریی خۆسەر دامەزرێنرا و پاشان بووە رێڤەبەریی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا و سنوورێكی جوگرافیی بەرفراوانی لەخۆگرت.

ئەو رێڤەبەرییە لەلایەن رژێمی سوریاوە رەتكراوەتەوە و قبووڵ نەكراوە، ئەو رێڤەبەرییە وەك نەخشە رێگە چەند جارێك پێشكەشی رژێم لە دیمەشق كراوە، لەهەموو چاوپێكەوتن و دیدارەكاندا جەخت كراوەتەوە و ئامادەبووین گفتوگۆ لەسەر هەر جۆر و شێوە خۆبەڕێوبەرییەك بكەین، بەڵام ئەوان رەتیان كردۆتەوە.

ئەوەی هەیە دوای رێڤەبەری خۆسەری فیدرالیی باكووری سوریا ناوەكەی گۆڕدرا بۆ باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، لە هەموو ئەو قۆناغانەدا لەگەڵ رژێم گفتوگۆمان كردووە، واتە لەهەر گۆڕانێك لەگەڵ رژێمی سوریادا گفتوگۆمان كردووە و دەزانن، لەكاتێكدا هێشتا رژێمی سوریا لەچەند ناوچەیەكی دیاریكراو لە قامیشلۆو ناوچەی دیكە هەن و هیشتا ماون.

لەبیریشمان نەچێت لە ناوچەكان دەسەڵاتیی دووانەیی هەبووە، هەروەك چۆن جۆرێك لە ئاگاداریی و هاوئاهەنگی لەنێوان رێڤەبەری خۆسەر و فەرمانگەكانی رژێم یان دەوڵەت هەبووە لەبارەی هەندێک پرسی دیاركراوەوە. لەماوەی 2016 و 2017 بەنێوان گیریی روسەكان گفتوگۆمان هەبووە، بەڵام لەلایەن رژێمەوە چارەسەرییەكان رەتكراونەتەوە.

لە2019 دیسان گفتوگۆ هەبووە و گفتوگۆی هەموو شێوە حوكمڕانییەكمان لەگەڵیاندا كردووە، هەرلە لامەركەزییەوە بگرە تا فیدرالیی و یان رێڤەبەریی خۆسەر.

*هەندێك دەڵێن نە كوردو نە رژێمی سوریا پڕۆژەیەكی روونیان نییە بۆ داهاتووی سوریا و ناوچەكە؟

-كورد هەر لەسەرەتاوە پڕۆژەی هەبووە ئەویش پڕۆژەی رێڤەبەریی خۆسەر بووە، ئێمە پێمانوابووە چ وەك خەڵكی ئەم ناوچەیە یان گەلی سوریا، پێویستە خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن، ئەمەش لە چواچێوەی رژێمێكی دیموكراتدا بێت و هەموو مافێكی روونی هەبێت کە لەگەڵ ناوەنددا هاوئاهەنگ بێت.

لەماوەی ئەو 8 ساڵەی رابردوودا گفتوگۆمان بەردەوام بووە، بەڵام بنەمای گفتوگۆكانمان هەمیشە ئەوەبووە كە رێڤەبەریی خۆسەری هەبێت و پێشنیازێكی دیكەمان نەكردووە، چونكە لە سوریا پێكهاتە و نەتەوە و رەنگی جیاواز هەیە، بۆیە پێویستە رەچاوی ئەو تایبەتمەندییە بكرێت.

ئێمە ئەوەمان خستۆتەڕوو، بەڵام رژێمی دیمەشق هەمیشە خۆیان بەدوورگرتووە یان دوورەپەرێز بوون، ئەوان پێداگرییان كردووە لەسەرە قانونی 107ی سوریا كە لە 2012 دەرچووە و باسی ئیدارەی خۆجێیی دەكات، ئەو قانونەش تائێستا جێبەجێ نەبووە، بەڵكو تەنها قانونێكە و

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *