سەرەکی / وتار / كێ‌ لۆبی بكات؟

كێ‌ لۆبی بكات؟

كێ‌ لۆبی بكات؟
سەرتیپ جەوهەر
لەناو فرۆكە لەفەرەنسا بەرەو بەیروت پیاوێكی فەرەنسیم لەتەنیشت بوو، پیاوێكی فزولی و بەگفتو لفت بوو، خێرا پرسیاری لێكردم خەڵكی كوێی؟ وتم كوردستان. وتی؛ ئێوە گرفتی زۆرتان لەگەڵ توركیا و سوریا هەیە! وتم كوردستانم لەباكوری عیراقم، وتی بۆ ئێوەش كێشەتان هەیە؟ لێرەوە رووندەبێتەوە كە ئەوروپییەكان شتێكی ئەوتۆ لەبارەی كورد لەباشور نازانن! لێم پرسی ئێوە لە فرەنسا كورد دەناسن؟ وتی؛ بەڵێ‌ ئێوە شەڕكەری باشن دژی تیرۆرستان، مەبەستی شەڕكەری كورد بوو لەرۆژئاوای كوردستان لەروبەرووبونەوەی تیرۆرستان. لەوڵامی ئەو پیاوە فەرەنسیە دێمە سەر ناسینی كورد لە ئەوروپا، لە 2010 كورتە باسێكم لەبارەی كورد بۆ خوێندكارانی زانكۆی ڤینسیا لە ئیتاڵیا پێشكەشكرد، لەوێ پرسیارمكرد تەنها كوردانی باكورو سەركردەكەیان دەناسی! لەچەند رۆژی رابردوو لە پەرلەمانی ئەوروپا چەند رۆژێك بەشداری كۆنفرانسێكم كرد، لەوێش هەموو ئەوانەی ئەوروپی بوون جگە لەباسكردنی باكورو رۆژئاوای كوردستان باسی پارچەكانی دیكەی كوردستانیان نەدەكرد! لەوە زیاتر، ژمارەیەك رۆژنامەنوسی لێبو یەك دووانێكم دەناسین تایبەت لەرۆژنامەو میدیاكانی ئەوروپا تەنها لەسەر كورد لەباكورو رۆژئاوای كوردستان دەنوسن، لەسەر ئەركی خۆیان هاتبوون بۆ بینینی كوردانی بەشدار لە كۆنفرانسەكە. ئەوەی من بینیم، كوردانی باكورو رۆژئاوای كوردستان لەسەر ئاستی كۆمەڵگاكانی ئەوروپا زۆرباشتر لەباشورو رۆژهەڵات ناسراون، پێیانوایە لەرۆژئاوای كوردستان كورد روبەرووی تیرۆر دەبێتەوە، لەكاتێكدا لەباشور هێزی پێشمەرگە قوربانیی گەورەی لەروبەرووبونەوەی تیرۆر بەخشیوە، كەچی وەك پێویست لەئەوروپاو ئەمریكا نەناسراوە. رەنگە جێی سەرنج بێت كە بۆچی دۆزی كورد لەباشوری كوردستان و قوربانیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك پێویست لەئەوروپا ناسراو نییە! لەكاتێكدا رۆژانێك بوو لەیەك رۆژدا سێ‌ گەورە لێپرسراوی باڵای ئەمریكاو ئەوروپا (وەك سەرۆك و وەزیرانی دەرەوەو بەرگریی) سەردانی كوردستانیان دەكرد؟ بۆ نەتوانرا سود لەو زەمینەیە وەربگیرێت كە ئەوكاتە رەخسا بۆ ئەوەی دۆزی كورد لەئەوروپاو ئەمریكا باشتر بناسرێت و ببرێتە پێشەوە؟ لەوە واوەتر ئەو هەموو تاوان و مەرگەسات و جینۆسایدەی بەسەر كورد لەباشور هاتووە وەك پێویست بەدونیا نەناسێنراوەو كاری بۆ نەكراوە؟ خۆ بەر لە شەش ساڵ تیرۆرستانی داعش پەلاماری شنگال و دەوروبەریانداو هەزاران كوردیان جینۆساید كرد، ئەگەر پرسیاربكەین بزانین لەوبارەیەوە تائێستا حكومەتی هەرێم چیكردووە؟ دەتوانین بڵێین ئەوەندەی كوردانی ئێزدی چ لەڕێی رێكخراوەكانی خۆیان یان ئەو گروپانەی لەئەوروپاو ئەمریكا دروستیانكردووە كاریانكردووە ئەوەندە حكومەتی هەرێم ئیشی لەسەر نەكردووە! ئەمەش ئەو راستیەمان بۆ دووپاتدەكاتەوە كە تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ پرۆژەیەكی بۆ لۆبیكردن و دروستكردنی پشتیوانیی لەدەرەوەو ناساندنی تاوانەكانی دەرهەق بەگەلی كورد نییە! بۆیە دەبینین لەئەوروپاو ئەمریكا جگە دەستەبژێرێكی سیاسی دیاریكراوی حوكمڕان، لەسەر ئاستی كۆمەڵگاكان كورد لەباشور وەكو پێویست ناسراو نییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *