سەرەکی / ئەدەب / کوڕێکی ده ست رەنگین له سەرده می دیکتاتۆرێکدا

کوڕێکی ده ست رەنگین له سەرده می دیکتاتۆرێکدا

کوڕێکی ده ست رەنگین له سەرده می دیکتاتۆرێکدا

هۆشیارجمال

هەرکاتێک ناوی عیراق بەر گوێی هەرکەسێک دەکەوێت ڕاستەوخۆ خەیاڵی بۆ وڵاتی خوێن ڕشتن و ئازار و مەینەتی و جەنگی بەردەوامی ناوخۆیی وجەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دەچێت. لێکەوتەکانی جەنگەکانی وڵاتی عیراق ماڵوێرانیەکەی بۆ هەموو پێکهاتەو ڕەگەزەکان بووە، چونکە عیراق وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەمەزهەبی ئاینی و ئاینزای جیاوازە.

ڕۆمانی(وردوخاشی پەرتەوازە) لەلایەن نوسەری عیراقی (محسن ئەلرەمی) نوسراوە، کە لەوڵاتی ئیسپانیا دەژی، وە لەلایەن (ڕەنجدەرجەبار)ەوە، بە زمانێکی ڕەوان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم ڕۆمانە کتێبکی بە قەبارە بچوک و لاپەرەکەمە، بەڵام هاوار و ئازاری هاوڵاتیانی عیراقە لەژێرسایەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و شەرەنگێز، چ بۆهاوڵاتیانی خۆی و چ بۆ وڵاتانی دراوسێشی.

نوسەر ئازارەکانی پێکهاتەکانی عیراقی کۆکردۆتەوە لەڕووداوەکانی ناو خێزانێکی گوندێکدا، کەچەندین بۆچوونی جیاواز لەنێوان منداڵەکان و دایک و باوکی خێزانەکەداهەیە کە زۆرجار دەگاتە ئاستی بەریەک کەوتنی ئەندامەکانی خیزانەکە لەناو یەکتریدا.

کە گرنگترین بەریەک کەوتنیان بەریەک کەوتنی کوڕە گەورەکەی ماڵە بەناوی قاسم لەگەڵ باوکی، چونکە کوڕە گەورەکە وێنەکێش و دەست ڕەنگینە، باوکیشان نیشتیمان پەروەرێکی زۆر توندە کە داوا لە کوڕەکەی دەکات وێنەی سەرۆک بکێشێت، بەڵام قاسم ڕەتی دەکاتەوە، دواتر توڕەبوونی باوکی و شەڕی لێدەکەوێتەوە.

لەم ڕۆمانەدا ڕووداوەکانی کاتی جەنگ باسکراوە کەچۆن کاریگەریەکانی ڕۆچۆتە ناو خێزانەکانەوە، ڕۆژانە تەرمی ڕۆڵەکانی عیراق دەنێردرایەوە بۆکەس و کاریان و دیاری و ئاڵتونی ژنەکانیش کۆدەکرایەوە بەناوی کۆکردنەوەی خەرجی بۆ سوپا، هەروەها گەنجەکان ڕاپێچی بەرەکانی پێشەوەی شەڕدەکران، دواجار ئەوەندە کوژراو زۆرئەبێت خەڵک گۆڕستانەکان ڕوونتر دەبینن وەک لەماڵەکانیان.

قاسمی وێنەکێشیش لە بەرەکانی جەنگ هەڵدێت و دەگەڕێتەوە لادێکەی خۆیان و دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەو بکوژرێت لەوە باشترە کەسێک بکوژێت، دواتر دەستگیری دەکەن و وەک سەربازی هەڵاتوو بە بەرچاوی خەڵكی گوندەوە دەیکوژن و بۆماوەیەکی زۆر تەرمەکەی دەهێڵنەوە بۆئەوەی هەموو کەسێک بترسێت و ببێت بە وانەیەک بۆ ئەوانی تریش.

قاسم کوژرا، بەڵام ئیرادەی خۆی لەدەست نەدا و وێنەی سەرۆکی دروست نەکرد و لە سەربازیش هەڵات، کاتێک وێنەی نیشتیمانیشی کێشا، ڕەنگی سوری تیدا بەکارهێنا وەک هێمای خوێن.

ئەو لەکاتێکدا گیانی بەخت کرد دەیتوانی وەک زۆربەی شاعیر و نوسەر و هونەرمەند و گۆرانی بێژەکانی تر کە شیعر وگۆرانی و وتاریان بەباڵای سەرۆکدا دەنوسی و دەگوت بۆدەستکەوتی مادی بێت بە بەشێک لەوسیستەمە گەندەڵ و ستەمکارە، بەڵام ئەم هونەرەکەی نەخستە خزمەتی سەرۆک و سیستەمە گەندەڵەکەی!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *