سەرەکی / تۆپ ستۆر / ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر چه‌ند داواكاریه‌ك نیشانده‌دات

ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر چه‌ند داواكاریه‌ك نیشانده‌دات

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندی ده‌رده‌بڕێت له‌سه‌ر دابینكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ كڕینی ئامێری گوێ بۆ منداڵی كه‌ڕوڵاڵ، ڕاوێژكاری دارایی له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “هه‌ر منداڵێك پێویستی به‌بڕی پێنج ده‌فته‌ر دۆلار هه‌یه‌”، هاوكات ڕه‌زامه‌ندیه‌كی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش ئاشكراده‌كات سه‌باره‌ت به‌وكه‌سانه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ گورچیله‌یان هه‌یه‌، وه‌زیری‌ ته‌ندروستیش ورده‌كاریی زیاتر ئاشكراده‌كات.
له‌وباره‌یه‌وه‌ د.ڕێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ئه‌كاونتی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك زانیاری‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراكردوه‌و نوسیویه‌تی‌ ((دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری دارایی، كۆمه‌ڵێك داواكاریی وه‌زاره‌تمان سه‌باره‌ت به‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی بریندارانی چه‌كی كیمیایی بۆ چاره‌سه‌رو چاندنی جگه‌رو چاندنی گوێی ناوه‌وه‌و كڕینی پێداوستی پزیشكی بۆسه‌نته‌ره‌كانی شتنی گورچیله‌ پێشكه‌شكرد)).
سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی‌ داواكاریه‌كانیشیان وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ ڕایگه‌یاندوه‌، “به‌سوپاسه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ قه‌یرانی دارایی، سه‌رجه‌م داواكاریه‌كانمان جێبه‌جێكران”.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ مۆفه‌ق عه‌بدوڵڵا ڕاوێژكاری دارایی له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم  ڕايگه‌یاند، “ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر دابینكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ چاندنی لولپێچی گوێ بۆ منداڵانی كه‌ڕوڵاڵ و به‌رده‌وامبونی شوشتنه‌وه‌ی گورچیله‌”.
وتیشی:”وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی داوامانكردوه‌ هه‌ر مانگێك 10 منداڵی كه‌ڕوڵاڵ چاندنی لولپێچی گوێی بۆ بكرێت، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌كڕینی ئامێری تایبه‌ت هه‌یه‌، هه‌ر ئامێرێك كه‌ له‌ناو گوێی منداڵه‌كه‌دا داده‌نرێت، به‌بڕی 50 هه‌زار دۆلار (پێنج ده‌فته‌ر) ده‌كڕدرێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی كاری ته‌نده‌رینه‌وه‌ ده‌بێت، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕه‌زمه‌ندییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران”.
ئه‌وه‌شی‌ وت:”له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ بودجه‌و ده‌رمانی پێویست بۆ شوشتنه‌وه‌ی گورچیله‌ دابین ناكرێت، داوامان له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كردوه‌ بودجه‌ی پێویست ته‌رخانبكات، ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ندیداوه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتودا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *