سەرەکی / هەواڵ / فڕۆکەکانی ئیسرائیل هێزە سەربازییەکانی سوریایان لەنزیك جۆلان بۆردومانكرد

فڕۆکەکانی ئیسرائیل هێزە سەربازییەکانی سوریایان لەنزیك جۆلان بۆردومانكرد

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایانگەیاند، کە فرۆکەکانیان بنکە سەربازیەکانی حکومەتی سوریایان لە پارێزگای قوێنێیترا لەنزیك بەرزایەکانی جۆلان بۆردومان کردووە، ئەمەش لە تۆڵەی پێشێلکردنی سنوری ئیسرائیل لەلایەن فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی سوریاوە.

ئاژانسی هەواڵی سانای حکومەتی سوریا لەبارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند، کە هێرشەکە “زیانی کەمی”لێکەوتووەتەوە، بەڵام وردەکاری زیاتری ئاشکرا نەکرد.

هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل هەر زوو ئەنجامدانی هێرشەکەیان پشتراستکردەوە و ڕایانگەیاند هێرشەکە لە وەڵامی سنوربەزاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوریاوە بووە بۆ ناوخاکی ئیسرائیل و، ڕایانگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە پاراستنی هاوڵاتیانی ئیسرائیل و سەروەری خاکه‌كه‌ى.

ڕۆژی چوارشەممە، هێزەسەربازییەکانی ئیسرائیل لەڕێی بەکارهێنانی موشەکی پاتریۆتەوە فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی چاودێریان بە پاساوی بەزاندنی ئاسمانی ئیسرائیل لەسەر بەرزایەکانی جۆلان خستەخوارەوە.

لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، ئیسرائیل هێرشە سەربازییەکانی بۆسەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی سوریا چڕکردووەتەوە و دەڵێت، بوونی سەربازی ئێران لەسوریا ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلی خستووەتە مەترسییەوە.

حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، هێرشەکانی ئیسرائیل وەکو پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی دەبینێت. دیمەشق بەردەوام بوونی سەربازی گەورەی ئێران لەسەر خاکی وڵاتەکەی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت، لەئێستادا تەنیا ڕاوێژکارانی سەربازی ئێران لەسەر خاکی سوریا بوونیان هەیە.

قەنديل٢٤

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *