سەرەکی / وتار / میدیا له ماڵێکی وێراندا

میدیا له ماڵێکی وێراندا

لە دنیای ئەمرۆدا میدیا هەم پێویستی و هەم ئامرازێکی گرنگە بۆ دەستخستنی زانیاری و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگاو کێشمە کێشە سیاسیەکان.
باسکردن لە میدیا کارێکی سانا نیە، بەڵام لێرەدا وەک خوێنەر یان بینەر حەقی ئەوە بەخۆمان دەدەین لە دەرگای ئەم بابەتە بدەین ودیوە خراپەکەی لەئێستای خۆماندا بخەینەڕوو.

گومان لەوەدانیە کە ئەمرۆ میدیا میوانی هەمیشەی ماڵەکانمانە، وە باسکردن لێی لەو سۆنگەوەیە کە ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە پێدانی بابەتی هەمەچەشن و جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، هەر لە سیاسەت و ئاینەوە تاکو دەگات بە هونەر و ئەدەب و …هتد.
وە مادەمەکێ میدیا مینبەری کۆی کایەکانی کۆمەڵگایە پێویستە بەردەوام چاودێری بکرێت و بە دیدێکی ڕەخنەییەوە لێی بڕوانرێت ،
چونکە وا خۆی نمایشدەکات کە ئاوێنەی پێکهاتەو پێشهات و پێویستیەکانی کۆمەڵگایە.

لە سەردەمی ئەمرۆدا میدیا وەزیفە سەرەکیەکەی خۆی کە بریتی یە لە ئاراستەکردنی گشت تێپەڕاندوەو ئەرکی تریشی گرتۆتە ئەستۆ،ئەگەر لە رابردودا میدیا کاری لەسەر ئاوەزی گشت کردبێت و خواستی ئەوەی هەبوبێت کۆمەڵگا بە ئاراستەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاریکراو ببات ، ئەوا ئەمڕۆ میدیا سەرباری ئەو ئەرکە قسە لەسەر بابەتە ڕۆژانەیەکانی تاک بەتاکی ئێمە دەکات و پێمان دەڵێت فڵانە خواردن و جل و بەرگ و شێوەی دانیشتن و بەڕێگادا ڕۆیشتن گونجاوە ، واتە دێتە ناو ژیانی تایبەتی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگاوە ، وەک چۆن میدیا بوە بە بەشێک لە ژیانی کەسەکان بەهەمان شێوە لەمڕۆدا تاکەکانیش بوون بە بەشێک لە میدیا.
بەجۆرێک گەر لە کۆندا میدیا تەنیا لەلایەن کەسانی سەربەمیری و تایبەتمەند بەڕێوەچوبێت ئەوا ئەمڕۆ تاکەکانیش بە ئاسانی لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە مەکۆی خۆیان هەیە و ڕۆڵی میدیاکار دەبینن.

ئەو پەرەسەندنەی میدیا وایکردووە لەئەمڕۆدا گۆی زەوی ببێتە گوندێکی بچوک بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ ، هەربۆیە گرنگە لە میدیای پەیوەست بە کۆمەڵگای خۆمان بدوێین ، هەر لە سۆشیال میدیاوە تاکو تەلەفزیون و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتەکان ، بۆئەوەی بزانین تاچەند ئەم میدیایانە لەناوخۆدا ئاستی گفتوگۆ و لەیەکتر گەیشتنەکانیان قوڵتر کردۆتەوە، وە لەئاستی دەرەوەشدا تاچەند توانیویانە ببن بە پرد بۆ پەرینەوەو پەیوەست بون بە دونیای هاوچەرخ.
ئاشکرایە کە ئێمەی کورد بێ ئامادەگی دیدو بۆچونی ڕەخنەی بەردەوام بەر ئەو ئایدیاو ئامیرانە دەکەوین کە دێنە ناو دونیای ئێمە ، ئەمەش وایکردوە کۆمەڵگا دەرگیربکات لەگەڵ کۆمەڵێک گرفتی گەورە.

هەر لە بێ بایەخ کردنی بەهاکانەوە تاکو پێدانی هەواڵ و زانیاری چەواشە و شێوێنراو ، کە میدیای میلیشا مەبەستیەتی.
لێرەدا بە دیاریکراوی قسەی ئێمە لە میدیای بینراوە ، چونکە رۆژانە ڕێژەیەکی زۆری خەڵک بۆ بەسەر بردنی کاتەکانی خۆی بەکاری دەهێنێت ، وە بێ ئەوەی خۆی بخوازێت هەوڵی خەڵەتاندنی دەدرێت.

بۆیە پێویستە پسۆرانی میدیا بە بایەخەوە لەو پرسە بڕوانن و ڕەخنەی ئەو ڕێڕەوەی میدیا بکەن کە ڕێچکەی گرتووە. ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت دەرگای لێبکەینەوە میدیای کوردیە لە ماڵی شێواوی خۆماندا

‎میدیایەک فوتێکراو به ئایدیای ئامانجداری درۆزنانە ، وە ماڵێکبەهۆێ پەرشوبڵاوی و بە هەرەمەکی بەڕێوەچونی خەریکە بەرەو دۆخێکی ئاڵۆز و نادیار دەڕوات ، بەتایبەت بۆ بێ نرخکردنی چەمکەکان و دابەشکردنی گۆمەڵگای ئێمە بەشێوەیەکی مەترسیدار.وە بەردەوام دور خستنەوەی لە بیری ئازاد و مەدەنیەت و دیموکراسی.

قسە لەسەر ئەوەیە لەم ماڵە وێرانەدا، میدیا خۆی بووە بە هۆکاری کێشەکان، یان ھێڵکی لەنێوان خۆی و ئەم وێرانیەدا کێشاوە و پێکھاتەی خۆی ساغلەم ھێشتۆتەوە، ئەگەر لێرەدا دوجۆر لە میدیا جیا بکەینەوەو دابەشی بکەین بۆ میدیای حزبی ناو حزبی، ھەرچی میدیای حزبیە، سەرباری ئەوەی بەشێک بووە لەم وێرانیە، کەرەسەیەک بووە لەو کەرەسانەی حزبەکان دونیای ئێمەیان پێ وێران کردووە، حزبەکانی دەسەڵاتدار لە ڕێگەی کۆمەڵێک ئامرازەوە دونیای ئێمەیان بەمڕۆگەیاند کە ڵکی ژیانکردنی نە مێنێت، لەپاڵ ئامرازەکانی پارە و دەسەڵات میدیای حزبی یەکێکی ترە لە کەرەستە گرنگەکان، بەجۆرێک دەسەڵات لە ڕێگەی بەھەڵە بەکاربردنی دەسەڵات و پارە، لە واقعدا دۆزەخێکیان بۆ خەڵک بەرھەمھێناوە، لێرەدا بوونی میدیایەکی حزبی چەواشەکاریان بەگرنگ زانیوە بۆ ئەوەی لەلایەکەوە فێڵ لە چاو بینی خەڵک بکەن و ئەم دۆزەخە وەک بەھەشت لای خەڵک وێنا بکەن، لەلاکەی تریشە ھەمیشە خەڵکی بە دروشمی بریقەدار و یۆتۆپی فریو بدەن ، هەرچی میدیای ئازادیشە مەودایەکی بچوکی هەیە ، سەرەڕای هەموو بەربەست و ڕێگریەکان ڕێڕەوێکی تاڕادەیەک باشی گرتووە ، بەڵام بەدەر نیە لە هەڵەو کەموکوڕی ، وە وەکو پێویست نەیتوانیوە وڵامگۆی کۆی پێویستیەکانی کۆمەڵگا بێت ، بەکورتی میدیای ئێمە تا هەست بەو بەرپرسیاریەتیە نەکان کە لە ئەستۆیەتی وە میدیا ، بەردەوام دونیای ئێمە ڕوەو دواوە دەبات و روحی داهێنان و تازەگەری بەتەواوی دەکوژێت.

کاتێک قسە دێتەسەر ئاوەدانکردنەوەی ئەم ماڵە وێرانە ناکرێ و گونجاو نیە بیر لەوە بکەینەوە میدیای تەقلیدی و حزبی کە خۆی پشکی گەورەی بەردەکەوێت لە ئافراندنی ئەم وێرانەیە، بەشداربێت لە ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی پرۆژەی نیشتیمانی دا.

لێرەوە پێویستی ھەبوونی میدیایەکی ئازاد سەر ھەڵدەدات، میدیایەک کە ھەم لە ئاستی بیرکردنەوەی ئەو کەسانەی کاری تێدا دەکەن و ھەم لە ئاستی ژێدەر و تەمویلی دارایی سەربەخۆ بێت و خۆی دوور بگرێت لە تەرەفداری و لاپەرەکانی خۆی نەکات بە وێنە دەرەوەی ھیچ ئەجێندایەکی دیاریکراو.

وەزیفەی ئەم میدیایە فەراھەمکردنی تێگەیشتنێکی دروستە بۆ ھەموو ئەو چەمک و بابەتانەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا نائامادەن یان ئامادەن، بەڵام خراپ تەفسیرکراون، چەمکەکانی مەدەنیەت و سیکۆلاریزم و ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسی و زۆر چەمکی تریش، پێویستیان بە تێگەیشتنێکی قوڵترە لە کۆمەڵگای ئێمەدا. چونکە تاوەکو لە ئاستە تیۆرییەکەدا زەمینەی تێگەیشتن بۆ ئەم چەمکانە نەرەخسێت، زۆر ئەستەمە لە پراکتیکدا جێبەجێ بوونیان ببینین، بێ جێبەجێ بوونی ئەمانەش ئەرزی واقعدا وێرانی ئەم ماڵە بەردەوام دەبێت و ئاوەدانی و مەدەنیەت ھێشتا وەک بابەتێکی نامۆ و نەناس لە ڕوانینی کۆمەڵگای ئێمەداجێگا دەگرن.

قەندیل ٢٤ لە ناوەڕۆکی وتار بەرپرس نیە بەڵکو تیڕوانینی نوسەرە لەهەمبەر واقع دا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *