سەرەکی / تۆپ ستۆر / دوو کتێبی نووسەر و وەرگێڕ “کارزان خدر” بڵاوبوونەوە

دوو کتێبی نووسەر و وەرگێڕ “کارزان خدر” بڵاوبوونەوە

قەندیل ٢٤ : تایبەت
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو کتێبی نووسەر و وەرگێڕ “کارزان خدر” بە دیزاین و چاپێکی نوێ کەوتنە بازاڕەوە. کتێبەکانیش یەکێک لە ئامادەکردنی خۆیەتی و یەکێکیش شاکارێکی ڤیکتۆر هۆگۆیە کە لە فارسییەوە وەریگیڕاوە. لەم ڕاپۆرتەدا نووسەر تیشک دەخاتە سەر هەردوو بەرهەمەکەی:
پێشەکی سوپاستان دەکەم، دیارە ٢٨ی ئەم مانگە هەردوو بەرهەمم لە لایەن دەزگای چوارچرا چاپ و بڵاوکرانەوە.
بەرهەمی یەکەم: دیداری نووسەران لە ئامادەکردنی خۆمە کە دیدار و گفتوگۆیە لەگەڵ ٦ ئەدیبدا، کە هەموویان لە کتێبخانەی کوردیدا جێپەنجەیان دیارە و ناسراون. دیدارەکان پێکهاتوون لەم ئەدیبانەی خوارەوە
– سیامەند شاسواری – نووسەر و وەرگێڕ
– حەمەکەریم عارف- نووسەر و وەرگیر
– عەبدوڵڵا حەسەن زادە- نووسەر و وەرگێڕ و سیاسەتمەدار
– لەتیف هەڵمەت- شاعیر و نووسەر
– جەوهەر مەحموود داراغا- وەرگێڕ
– حەمەی مەلاکەریم- نووسەر و وەرگیڕ

ئامانج لە ئامادەکردنی کتێبی “دیداری نووسەران” ئاشناکردنی ئەدیبانی کورد بە خوێنەران و وەرگرتنی ئەزموون و شارەزاییان لە بواری خۆیاندا. هەموو ئەو پرسیارانەی لە لای من و خوێنەران بە گشتی گەڵاڵە بوونە، ویستوومە لە جیاتی ئەوانیش پرسیاریان لێ بکەم و هەموویان لە پەرتووکێکی خنجیلانەدا کۆ بکەمەوە.
هەوڵێکی بچووکیشە بۆ بە کلتوورکردنی خوێندنەوە و چاندنی تۆی خوێندنەوە لە خوێنەراندا.
هەرچی ڕۆمانی “کڵۆدی سەرگەردان”یشە کە شاکارێکی ڤیکتۆر هۆگۆیە، ئاشنامان دەکات بە کلتوور و ناسنامەی سەدەی هەژدە و نۆزدەی فەرەنسا و ئاشنامان دەکات بە دابوونەریتی ئەو کۆمەڵگایە. سیاسەتی نەزانانەی دەوڵەت و حوکمڕانیی سیاسەتمەدارە نەزانەکانمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. پێمان دەڵێ: خەڵکی فەقیر و هەژاریش مافی ژیانیان هەیە و بە هۆی زیندانیکردنی خەڵکی بێتاوان و دەسەڵاتدارە زۆردارەکان، کۆمەڵگە بەرەو لەناوچوون و فەسادبوون دەچێ.
لە کۆتاییدا دەڵێم: هیوام وایە کەلێنێکی چکۆلەم لە کتێبخانەی کوردیی پڕکردبێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *