سەرەکی / تۆپ ستۆر / ژینگە ژیانە با بیپارێزین

ژینگە ژیانە با بیپارێزین

قەندیل ٢٤ : ئەڤین میر خەزەڵ

باسکردن لە ژینگە باسکردنە لە بابەتێکى فراوان و لایەنى جۆراوجۆر لە خۆى دەگرێت و هەر تەنێکى زیندوو خاوەنى ژینگەیەکى تایبەت بەخۆیەتى و سیستەمێکى تایبەت بەخۆى هەیە و چەند پۆلێنێکى جیاوازش بۆ ژینگە کراوە بۆ نمونە پۆلێنکردنى ژینگەیى سروشتى و ژینگەى مرۆیى ، ژینگەى پیشەسازى و ژینگەى کشتوکاڵى ، یاخود پۆلێنکردن بۆ ژینگەى شار و گوند.پێناسەى زۆر بۆ ژینگە کراوە یەکێک لەو پێناسانە دەڵێت ژینگە : ئەو چوارچێوەیە کە مرۆڤ تیایدا دەژى و ژیان بەسەر دەبات و بنەماکانى ژیان و پێداویستییەکانى لێوەدەست دەهێنێت و پەیوەندى لەگەڵ هاوتاکانى خۆى پیادە دەکات.
مرۆڤیش هەر لەسەرەتاى دروست بوونیەوە کاریگەریەکى تەواوى لەسەر ژینگە هەبووە ژینگەش بەشێوەیەکى راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کاریگەرى لەسەر مرۆڤ هەبووە مرۆڤ لەسەدەکانى رابردوودا کاریگەرى کەمتر لەسەر پیس بوونى ژینگە هەبووە بەهۆى کەمى رێژەى دانیشتوان و کەمى کاریگەریە پیشەسازییەکان و تەکنەلۆژیا…هتد ، بەڵام لە ئیستادا بەهۆى زۆرى و پێشکەوتنى هەموو پێداویستییەکانى ژیان گۆى زەوى ڕوبەڕووى مەترسییەکى گەورەى ژینگەیی بووەتەوە.
چالاکییە نێگەتیڤیەکانى مرۆڤ و بەکارهێنانى بێباکانەى دەرامەتە سروشتییەکان و چالاکییە هەرەمەکییەکانى مرۆڤ بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییە لەبن نەهاتووەکانى مرۆڤ بە هۆکارى هەرە سەرەکى و کاریگەر دادەنرێن لەسەر پەیدابوونى کێشە ژینگەییەکانى سەردەمى ئیستا ، بەڵام لە کۆندا گۆڕانکارى و کێشە ژینگەییەکان پەیوەست بوون بە فاکتەرە سروشتییەکانەوە.
سیستەمە ژینگەییەکان بە شێوەیەکى هاوسەنگن ،ئەوکاتە کێشەى ژینگەیى دروست دەبێت کە چالاکییە جۆربەجۆرەکانى مرۆڤ و هێزە سروشتییەکانى ئەو هاوسەنگییە تێک دەدەن و سیستەمە ژینگەییەکان چیتر تواناى ئەوەیان نابێت هاوسەنگى خۆیان بەدەست بهێنن لەئەنجامدا ژینگە پیس دەبێت ، پیس بوونى ژینگەش بریتییە : لە فڕێدانى پاشماوە و پاشەڕۆ و تێکدانى پاکى و جوانى ژینگە.
پرۆسەى پیس بوونى ژینگە لە نیوەى دووەمى سەددەى رابردووە وە خێراتر و زیاتر بوو لەئەنجامى زۆر بوونى دانیشتوان و چالاکییە جۆربەجۆرەکانیان ، برى ئەو پاشماوە زیان بەخشانەى کە مرۆڤ لەماوەى (20) سالى یەکەمی سەددەى رابردوو فڕێى داوەتە ژینگەوە دوو هێندەى ئەو پاشماوانە بووە کە بە درێژایى ژیانى پێش ساڵى 1950 فڕێى داوە.
ژینگە لە سێ پێکهاتەى سەرەکى پێک هاتووە ئەوانیش (ئاو ، هەوا ،خاک) پیس بوونى هەریەک لەم پێکهاتانە ئەبێتە هۆى پیس بوونى ژینگە کە ژینگەش پیس بوو زیان بە تەندروستى مرۆڤ و هەموو زیندەوەران دەگەیەنێت . بەبڕینى (1) درەخت ساڵانە بڕى (12) کیلۆ ئۆکسجین لە دەست دەدرێت ، هەروەها بە چوار درەخت ئۆکسجین بۆ یەک کەس بەرهەم دەهێنێت ، بۆیە با هەوڵ بدەین درەختەکان بپارێزین ئاو پیس نەکەین و دوور بکەوینەوە لە بڕین و سوتاندنى دارستانەکان ، با هەمیشە خاک پاک رابگرین پاشەڕۆکان فرێنەدەینە خاکەوە بیانخەینە شوێنى تایبەتى خۆیان ،بۆ پاراستنى ژینگەو بونى مرۆڤایەتى.
لەسەر هەموو هاوڵاتییەک پێویستە ژینگە بپارێزێت و واز لە زیان گەیاندن بە ژینگە ببهێنێت و ئەرکى هۆشیارى ژینگەیى بگرێتە ئەستۆ لە پێناو ژیانێکى پاک و تەندروست بۆ وڵاتەکەمان و نەوەکانى داهاتوومان.

سەرچاوەکان :
1-بەڕێوەبردنى ژینگە ،ن.دکتۆر زەکەریا تاحون ،و. ئەحمەد عەلى ئەحمەد ، چاپی یەکەم ، ساڵى 2014.
2-گۆڤارى ژینگەى کوردستان (ژمارەى تایبەت ) ، ساڵى 2014.
3- محازەراتى زانکۆى راپەرین ، فاکەڵتى زانستە مرۆڤایەتییەکان ،بەشى جوگرافیا ، قۆناغى چوارەم ،ساڵى 2017.
4-internet

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *