سەرەکی / ئەدەب / ناوچه‌ى پشده‌ر زێدى شاعیران، عه‌بدوڵا زێوه‌ر و به‌ختیار زێوه‌ر

ناوچه‌ى پشده‌ر زێدى شاعیران، عه‌بدوڵا زێوه‌ر و به‌ختیار زێوه‌ر


ن/عومه‌ر ئیسماعیل مارف

گۆڤاری چەپکەگوڵ
وه‌ک ئاشکرایه‌ هه‌ر له‌کۆنه‌وه‌ پشده‌ر کانگا و مه‌نزڵى پیاوه‌ ناوداره‌کانى کۆڕى خه‌باتى سیاسى، ئه‌ده‌بى، سه‌ربازى، ئایینى و…..تاد بووه‌، لاپه‌ڕه‌کانى مێژوو گه‌واهى ئه‌و راستییه‌ن که‌ له‌ هه‌موو کات و سه‌رده‌مه‌کان دا هاوتاى ناوچه‌کانى ترى کوردستان پشده‌رییه‌کانیش ئه‌سپى خۆیان له‌ بواره‌ جیاجیاکانى ژیان دا تاوداوه‌ و هه‌میشه‌ له‌ناو ناوان دا بوون.

یه‌کێک له‌و مرۆڤه‌ وه‌جاخزادانه‌ى که‌ دواتر بووه‌ به‌ باوه‌ گه‌وره‌ى دوو که‌سایه‌تى ناودارى کورد، پیاوێکى پشده‌رى و له‌دایک بووى گوندى(بێ کڵۆ)ى خۆر هه‌ڵاتى شارى قه‌ڵادزێ بووه‌ به‌ ناوى(فه‌قێ ره‌سوڵى مام شه‌ریف). هه‌ر چه‌نده‌ به‌ دروستى ساڵه‌که‌ى نه‌زانراوه‌، به‌ڵام به‌ پێى به‌راوردکارى و سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌کان؛ له‌ سه‌رده‌مى فه‌رمانڕه‌وایى(ئه‌حمه‌د پاشا1838-1847ز)ى دوا میرى بابان دا، به‌ مه‌به‌ستى خوێندنى قورئان و حه‌دیس و ده‌ست خستنى زانست و زانیارى پتر له‌ بوارى شه‌رع و بنچینه‌کانى ئیسلام له‌ ته‌مه‌نى گه‌نجێتى دا رووى کردوه‌ته‌ سلێمانى و له‌ حوجره‌ و خوێندنگا ئاینییه‌کانى ئه‌و شاره‌دا ده‌ستى داوه‌ته‌ خوێندن، دواى چه‌ند ساڵێک مانه‌وه‌ و به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستى مه‌لا و زانا به‌ناوبانگه‌کانى ئه‌و کاته‌، له‌ یه‌کێک له‌ مزگه‌وته‌کانى سلێمانى دا بووه‌ به‌ پێش نوێژ و وتار خوێن و به‌(مه‌لا ره‌سوڵى پشده‌رى)ناسراوه‌. دواى ئه‌وه‌ى ژیانى هاوسه‌ریشى پێکهێناوه‌، بووه‌ به‌ خاوه‌نى چه‌ند
کوڕ و کچێک به‌ ناوه‌کانى(محه‌ممه‌د، مه‌حموود، حسێن، عائیشه‌، ئامینه‌، فاتیمه‌ و خه‌دیجه‌).
پاشان محه‌ممه‌دى کوڕى له‌ سوپاى عوسمانى دا بووه‌ به‌ ئه‌فسه‌ر و هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ(هه‌مین سه‌لیم ئاغا)ى یه‌کێک له‌ کچه‌ شۆخ و شه‌نگه‌کانى ئه‌و کاته‌دا کردوه‌، ئه‌ویش چه‌ند کچ و کوڕێکى هه‌بووه‌ که‌ دیارترینیان(مه‌لا عه‌بدوڵڵا زێوه‌ر)ى شاعیرى به‌ناوبانگ و نیشتمانپه‌روه‌رى کورده‌ و ساڵى(1875ز)له‌ گه‌ڕه‌کى(کانى ئاسکان)ى شارى سلێمانى له‌دایک بووه‌، زێوه‌ر له‌ ته‌مه‌نى(7)ساڵى دا له‌ حوجره‌ى مه‌لا سه‌عید(خواجه‌ ئه‌فه‌ندى)نراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن، پاشان بۆ فێربوونى زیاتر و درێژه‌دان به‌ کاره‌که‌ى زۆرێک له‌ شار و شارۆچکه‌کانى کوردستان گه‌ڕاوه‌ و چووه‌ بۆ(مه‌ریوان، بانه‌، سابڵاخ، هه‌ولێر و که‌رکوک)و دواتر سه‌ردانى(ئه‌سته‌مبوڵ)ى کردوه‌ و له‌ ماوه‌ى مانه‌وه‌ى دا له‌و شاره‌ به‌ چه‌ندین زانا و ئه‌دیبى ناودارى ئه‌و کاته‌ ئاشنا بووه‌ و زمانه‌کانى فارسى، عه‌ره‌بى و تورکى زانیووه‌. دواى گه‌ڕانه‌وه‌شى بۆ سلێمانى ماوه‌یه‌ک مامۆستا(باش معلم)ى زمانى تورکى بووه‌ له‌ خوێندنگاى(روشدیه‌ى عه‌سکه‌رى)و له‌ سه‌رده‌مى شێخ مه‌حموودیش دا بووه‌ به‌ مامۆستا له‌ خوێندنگاى
ناوه‌ندى(مه‌حموودى)سلێمانى، پاشان بووه‌ به‌ باش کاتب. دوا جار له‌ رۆژى(10-11-1948ز)دا، به‌ هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ کۆچى دوایى کردوه‌.
جێگاى ئاماژه‌یه‌، عه‌بدوڵڵا زێوه‌ر له‌ بواره‌کانى نیشتمانپه‌روه‌رى، دڵدارى و ئایینى دا هۆنراوه‌ى نووسیووه‌ و ئێستا له‌ چوارچێوه‌ى دیوانێک دا به‌ ناوى خۆیه‌وه‌ کۆکراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ته‌مه‌نى ژیانى خۆى دا چه‌ندین کتێب و به‌رهه‌مى ناوازه‌ى نووسیووه‌ که‌ زۆرێکیان دواى کۆچى دوایى خۆى بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌؛
1-ژیانى پێغه‌مبه‌ران
2-ده‌سته‌ گوڵى لاوان
3-چیرۆکى خێوى ناو مزگه‌وت 1948
4-سۆزى نیشتمان 1957
5-چیرۆکى حکومه‌تێکى خه‌یاڵ
6-داستانى سۆزناک که‌ربه‌لا به‌ زمانى فارسى 1988
7-فه‌رهه‌نگى زێوه‌ر(عه‌ره‌بى-کوردى)
له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌ستنووسێکى تر که‌ هێشتا چاپ نه‌کراون.
به‌ختیار زێوه‌رى کوڕیشى که‌ ناوى راسته‌قینه‌ى فایه‌ق بووه‌، ساڵى(1908ز)له‌ شارى سلێمانى له‌دایک بووه‌، سه‌ره‌تا له‌ حوجره‌کان دا خوێندویه‌تى و پاشان
ساڵى(1946ز)چووه‌ته‌ خوێندنگاى ناوه‌ندى ئێواران و ساڵى(1948ز)ئه‌و قۆناخه‌ى ته‌واوکردوه‌، زۆرێک له‌ هۆنراوه‌کانى له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌کانى سه‌رده‌مى ژیانى خۆى دا بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ که‌ هۆنراوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى له‌ چله‌کانى سه‌ده‌ى رابردوودا دژى داگیرکه‌ران هانده‌رێکى گه‌وره‌ى گه‌نجان و نیشتمانپه‌روه‌رانى کورد بوون، هه‌ر بۆیه‌ چه‌ند هۆنراوه‌یه‌کى به‌ سروود له‌ قوتابخانه‌کان دا گوتراونه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆنراوه‌ نیشتمانییه‌کانى وه‌کو(گۆلى ئازادى، شوان و له‌ سه‌ر لوتکه‌ى پیره‌مه‌گروون)ناوبانگى ده‌رکردوه‌. جگه‌ له‌ هه‌ڵبه‌ستنى هۆنراوه‌ ده‌ستى چیرۆک نووسین و وه‌رگێڕانیشى هه‌بووه‌، چیرۆکى(شه‌وێک له‌ سه‌ر لوتکه‌ى ئه‌ڤه‌رێست)ى به‌ زنجیره‌ له‌ گۆڤارى(گێتى تازه‌)دا بڵاوکردوه‌ته‌وه‌. هه‌ر چه‌نده‌ ژیانى هاوسه‌رى له‌گه‌ڵ(سه‌بریه‌ مه‌لا محه‌ممه‌دى ده‌نگ گه‌وره‌)دا پێکهێناوه‌، به‌ڵام نه‌بووه‌ به‌ خاوه‌نى هیچ منداڵێک. دواتر له‌ ئه‌نجامى بیرکردنه‌وه‌ى زۆر و ئازارێکى جه‌سته‌یى توونددا که‌ پێش مردنى گیرۆده‌ى نه‌خۆشى مێشکى کردوه‌ له‌ رۆژى(31-12-1952ز)دا، کۆچى دوایى کردوه‌ و به‌ ته‌نیشت باوکییه‌وه‌ له‌ گۆڕستانى(گردى جۆگه‌)ى سلێمانى به‌ خاک سپێردراوه‌. ئه‌وه‌ش نموونه‌یه‌که‌ له‌ هۆنراوه‌یه‌کى نیشتمانپه‌روه‌رى عه‌بدوڵڵا زێوه‌ر؛ وا وه‌ته‌ن خه‌مڵیوه‌ وه‌کو گوڵ، نه‌و به‌هارى میلله‌ته‌ شادمانى قه‌ومى کورده‌، رۆژى هه‌وڵ و هیممه‌ته‌ میلله‌تى کورد، موڵکى سه‌ربه‌ستى ئه‌خاته‌ ده‌ستى خۆى گیان فیدایى گه‌ر نه‌کا هه‌ر که‌س، به‌شى ئه‌و له‌عنه‌ته‌ زه‌ڕڕه‌یه‌ک خاکى وه‌ته‌ن ناده‌م به‌قه‌سرى قه‌یسه‌رى جۆگه‌له‌ و کانى وه‌کو که‌وسه‌ر هه‌واى وه‌ک جه‌ننه‌ته‌.
سه‌رچاوه‌کان؛
1-دیوانى زێوه‌ر: ئاماده‌کردنى مه‌حموود زێوه‌ر، هه‌ولێر 2003
2-شه‌جه‌ره‌ى بنه‌ماڵه‌ دێرینه‌کانى سلێمانى له‌ نێوان ساڵانى(1784-1914): عبدالخالد ێابر، چاپى دووه‌م، چاپخانه‌ى گرین گلورى، به‌یروت 2010

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *