سەرەکی / چاوپێکەوتن / ماڵى سنه‌وبه‌ر، ماڵێك بۆ خوێندنه‌وه‌

ماڵى سنه‌وبه‌ر، ماڵێك بۆ خوێندنه‌وه‌

ئامادەکردنی:- دڵشاد ئەمین
ماڵى سنه‌وبه‌ر ئه‌و ماڵه‌ ڕۆشنه‌یه‌ ده‌ دیواره‌کانى به‌ کتێب هه‌ڵچنراوه‌، ژووره‌کانى به‌ ووشه‌ و ڕسته‌ پڕمانا و جوانه‌کان ڕازێنراوه‌ته‌وه‌، ماڵێکه‌ به‌ باوه‌شێک کتێبه‌وه‌ پێشوازى له‌ میوانه‌کانى ده‌کات، ماڵێکى خنجیلانه‌یه‌ له‌پێناوى هۆشیارى تاکه‌کاندا خۆى بنیات ناوه‌، بۆ زیاتر ئاشنا بوون به‌و ماڵه‌ ئه‌م دیدار و گفتوگۆیه‌مان له‌گه‌ڵ خاتو (ڕه‌نگین) ئه‌نجامدا:-
پ1/ماڵی سنۆبەر چیە و ئامانجی چیە؟
و/ ماڵێکی کەلتوری و فەرهەنگی سەربەخۆیە و ئامانجی هاندانی خوێندنەوە و بەکەلتورکردنی خوێندنەوەیە.
پ2/ باسی دامەزراندنی ماڵی سنۆبەرمان بۆ بکە؟
و/ لە ١٨/١٠/٢٠١٥ لە شاری قەڵادزێ دامەزراوین. هەڵبەت دامەزراندنی گروپێکی وەها کە زۆربەی ئەندامانی کچن، فرە زەحمەت بو لە سەرەتا دا. جێگای باسە کە لە سەرەتا دا لە “دەستگایی مرۆیی سۆز، شیرینیخانەی زەنوێر، و فەرهەنگخانە” کۆدەبوینەوە، بەڵام بە سوپاس گوزاریەوە دوای کردنەوەی “کتێبخانە و قاوەخانەی کەلتوری سۆفیا” بڕیاری دەستنیشانکردنی شوێنی کۆبونەوە ئاسانتر بو و ئێستا زۆربەی کۆبونەوەکانمان لە سۆفیایە. سەرەتا لە چەند ئەندامێک پێکهاتبوین بەڵام هەر زۆر بە زویی گەشەمان کرد و ئێستا ٤١ ئەندامی چالاکمان هیە کە پێکدێ لە ٢٧ کچ و ١٤ کوڕ، ئەندامن لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەگشتی هەیە.
پ3/ حیکمەتی خوێندنەوە لە چی دایە و بۆ دەبێ بخوێنینەوە؟
و/ حیکمەتی خوێندنەوە لە وشیاربونەوە، دروستکردنی ئەقڵی کراوە، بونی مرۆڤی خاوەن پرسیاردایە – بۆ ئەوە بخوێنینەوە کە خۆمان چاوساغی خۆمان بین، و ئەوەندەش هزرمان دەوڵەمەندبێ
کە قوڵتر لە ژیانی خۆمان و دەوروبەر بڕوانین و پرسیاری مانای ژیان و
مرۆڤایەتی بکەین، هەڵبەت بڕیاری تەندروست بدەین دەربارەی خۆمان و چواردەورمان و سوقوراتی بژیەین.
پ4/ چی پەیامێکتان هەیە بۆ خوێنەرانی دەڤەری پسدەر؟
و/ هەڵبەت پەیامی ئێمە ئەوەیە کە خوێنەران زیاتر بێنە پێش و ببن بە ئەندام. بەدڵنیایی بەشێک لەو قەیرانانەی کە ئەمڕۆ بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە دەرهاویشتەی نەبونی کەلتوری خوێندنەوەیە لە کۆمەڵگا بە گشتی و لە ناو پیاوانی بڕیاربەدەست بەتایبەتی، و هەر بۆیە یەکێکیش لە ئامانجە هەرە سەرەکیەکانی ئێمە بە کەلتورکردنی خوێندنەوەیە، و تێپەڕاندنیەتی لەو دۆخەی کە لە ئێستا دەبیندرێ وەک دیاردەیەکی نامۆ و دەگمەن. بەدڵنیایی مرۆڤ لە خوێندنەوە هەموو کات براوە دەبێ و غەیری خۆپڕچەککردن بە ئەقڵو مەعریفە هیچی تری لێ فەراهەمنابێ، بۆیە گرینگە بخوێنینەوە.
پ5/ پڕۆگرامی ماڵی سنۆبەر:
و/ مانگی جارێک چالاکیەکی گشتیمان هەیە کە هەر ئارەزومەندێک دەتوانێ بەژداربێ؛ دوو هەفتە جارێک خوێندنەوە بۆ چەند کتێبێک دەکرێ لە لایەن ئەندامانەوە و دواتر لە مێزگردێک دا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ، هەر دوو هەفتە جارێک ئەندامێک باسێک پێشکەش
دەکات دەربارەی چەمکێکی گشتی لە شێوەی سیمینار.
پ6/ بون بە ئەندام:
و/ هەر کەسێک دەخوازێ ببێت بە ئەندام دەتوانێ لە ڕێگای فەیسبوکی ماڵی سنۆبەرەوە (ماڵی سنۆبەر) یاخود سەردانی “کتێبخانە و قاوەخانەی کەلتوری سۆفیا” بکات بۆ بون بە ئەندام.
پ7/ مەرجی بون بە ئەندام:
و/ تەنها مەرجێکمان ئەوەیە کە دەبێ یان خوێنەربێ یاخود ئامادەیی تێدابێ لەگەڵ بون بە ئەندام دەستبکات بە خوێندنەوە. هەڵبەت ئەندامیەتی بێبەرامبەرە بەڵام بۆ هەر چالاکیەک کە تێچویی هەبێ ئەوا خۆمان وەکو ئەندامان پشت بەخۆمان دەبەستین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *