سەرەکی / چاوپێکەوتن / وتووێژێک لەگەڵ کارزان خدر ، وەرگێڕ و نووسەر

وتووێژێک لەگەڵ کارزان خدر ، وەرگێڕ و نووسەر

تایبەت ؛ قەندیل ٢٤
1- ژیانی خۆت بە کورتی:
ناوم کارزان خدر ئەحمەدە، ساڵی ١٩٩٣ لە سەنگەسەر لەدایکبوومە. لە ساڵی ١٩٩٧ئاوارەی ئێران بووین و سەرەتا لە گوندێک بە ناوی ترکەش لە نزیک خانێ(پیرانشار) نیشتتەجێ بووین. ژیانێکی پڕ لە مەینەتی و دەردەسەریمان لەوێ بەڕێ دەکرد. دواتر ساڵی ١٩٩٩چووین بۆ کورەخانە لە شاری ((مەلایر)) و بۆ ماوەی ساڵێک لە کورەخانە کارمان کرد. ئینجا بارمان کرد بۆ ڕەزایە(ئورومیە) و لەوێش بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە کورە کارمان دەکرد و پاییزانیش ئیشی سێوانمان دەکرد. ساڵی ٣٠٠٣بۆ٢٠٠٤ بڕیارماندا بێینەوە کوردستانی باشوور و لە ناحیەی ژاراوە نیشتەجێ بووین. پێش ئەوەی بێینەوە باشوور لە ئێران زۆرم حەز لێ بوو بچمە قوتابخانە، کە دەمدیت هەموو منداڵان دەچن دەخوێنن و دێنەوە، جەرگم دێشا. بابم زۆریش هەوڵی دا، بەڵام گوتیان ناکرێ دەبێ کارتی ((سەوز))تان هەبێ. ئیدی ئێمەش کارتی سەوزمان نەبوو و لەوێ لە خوێندن بێبەش بووین. دواتر بابم کتێبی پۆلی یەکەمی لە ئێراقەوە بۆ هێنابووینەوە و لەوێ منی فێرە خوێندەواری کرد. جەدوەلی زەڕبیش، هەر ئەو لەوێ فێری کردم. ئیدی کە هاتینەوە لە ژاراوە گوتیان: تاقیت دەکەینەوە کە باش بووی لە پۆلی دووەمت دادەنێین. تاقییان کردمەوە و زۆر باش بووم، ڕاستەوخۆ بردیانمە پۆلی دوو دانیشتم. ئیدی لەوێش ٢ مانگ ماینەوە و هاتین بۆ سەنگەسەر. سەرەتای و ناوەندیم لە سەنگەسەر تەواو کرد و دواتر دیبلۆمم لە کۆمپیوتەری ڕانیە تەواو کرد. تاکوو ئێستاش ماڵمان لە سەنگەسەرە و خۆش و ناخۆش، دەژیم.
2- یەکەم کتێب چی بوو کە خوێندتەوە؟
یەکەم کتێب نازانم، بە تێکەڵی خوێندوومەتەوە، بەس ئەوەندەی لەبیرم بێ، وابزانم مەولوودنامەی پێغەمبەر(د.خ)بوو. پێش ئەویش جزووم دەخوێند. بۆیە دەقیق نازانم یەکەم کتێب چی بووە کە خوێندوومەتەوە.
3- تا ئێستا چەند بەرهەمت وەرگیراوە؟
تاکوو ئێستا ٧ بەرهەمم هەیە، ساڵی٢٠١٤ یەکەم کتێبم بە ناوی((غەمی دایک))وەرگیڕا و دواتر هەر یەو ساڵە کتێبی ((کازیوەش))م وەرگێڕا. لە ساڵی ٢٠١٦شدا کتێبی ((ئەودیو کۆڵانەکانی بێدەنگی))م وەرگێڕا و چاپ و بڵاوکرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٧شدا کتێبێکی ڤیکتۆر هۆگۆم وەرگێڕا و ئێستا لە ژێر چاپدایە و بڕیارە لەگەڵ کتێبێکی دیکەم بە ناوی ((دیداری نووسەران)) بڵاوببێتەوە. ٢ کتێبی دیکەشم ئامادەی چاپن و بە هیوام بە زوویی چاپ ببن.
4- بە گشتی کاری وەرگێڕان چۆنە؟
وەرگێڕان، وەرگێڕانی دەقێکە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە. ئەو کەسەی وەرگێڕان دەکات، دەبێ زۆر شارەزایی تەواوی لە هەردوو زمانەکە بێ لە ڕووی زمان و ڕێزمان و وشە و دەستەواژە و ئیدیۆمەوە. جگە لەوەی دەبێ شارەزایی لە زمانی خۆیشی هەبێ، ناکرێ تۆ زمانێکی بیانی بە باشی بزانی و بتهەوێ وەرگێڕان بکەی بەڵام زمانی دایکیت نەزانی. بە گشتی وەرگڕان پرۆسەیەکی قورسە، چەندە بەرهەم و ئەنجامە، ئەوەندەش ئەرک و بەرپرسیارێتییە. چونکە وەرگێڕ نابێ خیانەت لە وەرگێڕانەکەی بکات. وەرگێڕمان هەیە ڕێک بەشێکی لە کتێب بڕیوە، یان ئەسڵەن ئەو شوێنەی کە لەگەڵ حەز و ئارەزووی خۆی نەهاتبێتەوە، وەرینەگێڕاوە و لایبردووە. بۆیە ناکرێ هەموو کەس دەستبداتە وەرگێڕان و کاری وەرگێڕان بکات. من لەگەڵ ئەوەدام لە هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەت لە وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە لیژنەیەک دابنرێت و پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو کتێبانە بکرێ کە وەردەگیڕدرێن. ئەو کتێبانەی شایەن بە چاپکردن نین، چاپیان نەکەن. ئەو وەرگێڕانەی شایەن بە وەرگێڕان نین، ئەو مافەیان لێ وەربگیرێتەوە و نەتوانن کتێبانمان لێ سەقەت بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا وەرگێڕی باشمان هەیە و کاری باش کراوە، بەڵام هێشتا کتێبخانەی کوردی هەژارە و پێوسیتە زیاتر خزمەت بکرێ.
5- چی وای لێ کردی کاری وەرگیڕان بکەی؟
مرۆڤ نازانێ چ کاتێک وەرچەرخان لە ژیانیدا ڕوودەدات، زۆر جار بەهرەیەک لەتۆدا هەیە، بەڵام نازانی کەی و لە کوێ پەی پێ دەبەی و لە خۆتدا زەقی دەکەیەوە. من دوای خوێندنەوەیەکی زۆر لە بابەتی ئەدەبی، گەیشتم بەو قەناعەتەی کە بۆ منیش دەست بە وەرگیڕان نەکەم؟ خۆ زمانەکەشم باشە، بۆ کوردییەکەش من لە ڕۆژهەڵات ژیاوم و منداڵی گوندیم، ئێستاش وا لە پشدەرم و هەر پشدەرییەکی ملی دەگری زمانی لە من و تۆ پاراوترە. بە حوکمی ئەوەی ئێمە هەمووی پێمان دەگوترێ موکری. زمانی هەژار و هێمن و شکوور مستەفا و مەسعوود مەحەمەد و کۆمەڵێک ئەدیبی دیکە، کە بە زمانی موکری نووسیویانە و دەنووسن. بۆیە هەستم کرد ئەو بەهرەیەش لە مندا هەیە و تا کە بەرهەمی یەکەمم وەرگیڕا، کەسی شارەزا لە زمان ئامۆژگارییان کردم و بەرهەمەکەیان باش هەڵسەنگاندووە. لەگەڵ ئەوەی هیچ بەرهەمێک بێ کەموکووڕی نییە، بەڵام بەرهەمەکە بە سەرکەوتوو دانرا. خاڵێکی دیکەش کە منی هان دا وەرگیڕان بکەم، هەژاریی کتێبخانەی کوردی بوو. تاکووو ئێستاش کتێبخانەی کوردی زۆر هەژارە و پێویستە زیاتر خزمەت بکرێ لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەت، فکر، فەلسەفە، زانست، ئابووری، مێژوو، پزیشکی و ..هتد. بۆیە بە گرنگم زانی دەست بدەمە وەرگێڕان و تا ئێستاش بەردەوامم. خاڵێکی دیکە کە سەرکەوتنی کارەکەمی تێدا دەبینم، عەشقە بۆ کارەکە، بە عەشقەوە من وەرگیڕان دەکەم. چێژی لێ دەبینم. لەگەڵ دێڕ بە دێڕی هەر کتێبێکدا دەژی. من لەگەڵ دێڕ بە دێڕی کازیوەدا گریاوم، ئەزموونێکی گەورەم لە ئەودیو کۆڵانەکانی بێدەنگی وەرگرتووە و چێژم لێ دیتووە. بۆ من هەر کتێبێک کە چێژی لێ نەبینم، دەست ناکەم بە وەرگێڕان و دڵنیام ناشتوانم ئەو چێژە بە کتێبەکە ببەخشم کە خوێنەر سوودی لێ بببینێ. بۆیە ئیمامی ئیبنولقەیمی جەوزی دەڵێ: ئەوەی لە دڵەوە بێ، بۆ دڵ دەچێ.
6- کێ هاندەرت بووە و یارمەتی داوی لە بەرهەمەکانت؟
تەواوی ئەوانەی کتێبەکانیان خوێندۆتەوە هاندەرم بوونە، چونکە ئەگەر ئەوان نەیانخوێندبایەوە، ئەی من بۆ کێ وەرگیڕان بکەم؟ کاتێک خوێنەر نەبێ، نووسەربوون هیچ ئەرزشێکی نییە، کاتێک گوێگرێک نەبێ، قسەکەر هیچ نرخێکی نییە. بۆیە یەکەم هاندەر خوێنەرانن کە بەرهەمەکانم دەخوێننەوە و سوپاسیان دەکەم. دووەم ئارامی برام و کاڵێی خوشکم یارمەتییان زۆۆر داوم. سوپاسیان دەکە. هەردوو مامۆستای ئازیز جەوهەر ئەحمەد و خالید فاتیحی کە بە بەرهەمەکانم دا دەچنەوە و هەگبەی زانیاری بوونە بۆ من و بە سەرنج و تێبینییەکانیان بەرگێکی دیکەیان بەبەر کتێبەکانمدا کردووە. لێرەوە سوپپاسیان دەکەم. سوپاسی دانەدانەی ئەو هاوڕێیانەش دەکەم کە بە وشەیەکیش بێ یارمەتییان داوم.
7- پڕۆژە و کاری داهاتووت چییە؟
ئەگەر ژیان ڕێگە بدا، زۆر شاکار هەنە هێشتا دەستیان بۆ نەبردراوە، زۆر بەرهەمی ناوازە هەنە کەلێنێک لە کتێبخانەی کوردی پڕدەکەنەوە. وەک شاملوو دەڵێ: زۆر کاری گەورە هەنە کەبیانکەن ((ئەگەر غەمی نان لێ گەڕێ)).
8- دوا قسەت بۆ ژیان چییە؟
ژیان ئەزموونە، ئەزموونیش مامۆستایەکە تا تاقیت نەکاتەوە، دەرست پێ ناڵێ. بۆیە دەبێ زۆر وریا بین، کات ناگەڕێتەوە. یەکجار دێینە سەر دونیا. کات بێڕەحمانە تێدەپەڕێ، لەسەر کەس ڕاناوەستێ، منەتی کەس هەڵناگرێ. بە بوون یان نەبوونیی تۆ هیچ لە شتەکان ناگۆڕێ، ئیللا مەگەر جێ پەنجەت دیار بێ و شوێن پێیەکت لە جێی خۆی بەجێهێشتبێ. بۆیە ئەوەندەی کە دەژین، با سوودێک بە خۆمان و دەورووبەرمان بگەیەنین. ئەگەر بە خەندەیەکیش بێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *